مەکتەبی سیاسیی پارتی (44)ەمین ساڵیادی دامەزراندنی حزبی سۆسیالیست پیرۆز دەکات

مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە بۆنەی (44)ەمین ساڵیادی دامەزراندنی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان، پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاو کردەوە، ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی:

بەڕێز / محەمەدی حاجی مەحموود، سكرتێری گشتیی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان

بەڕێزان/ ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی لە حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان

بە بۆنەی(44)ەمین ساڵیادی دامەزراندنی حزبە تێكۆشەرەكەتان، پیرۆزباییەكی گەرم لە ئێوەی بەڕێز و كادیر و ئەندام و لایەنگرانی حزبەکەتان دەكەین و، هیوادارین بەو گیانی هاوخەباتیی و  پێکەوەییە هەردەم بەردەوام و زیاتر بەرەو پێش بچن لە پێناو بەدیهێنانی مافە رەواكانی گەلەكەمان.

حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان، هەمیشە خاوەن هەڵوێست و رۆڵی دڵسۆزانەی خۆی بووە بۆ داكۆكیكردن لەو ئەزموون و دەسكەوتانەی بە خوێنی شەهیدە سەربەرزەكانمان هاتوونەتە دی، دەخوازین بۆ لەمەودواش بەردەوامی بە ھەنگاوەکانتان بدەن بۆ ھەماھەنگی زیاتر و تەبایی و بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانی نێوانمان.

ئێمە لە كاتێكدا ئەو یادەتان پیرۆز دەكەین، کە وڵاتەکەمان بە قۆناغێکی سەختدا تێدەپەڕێ، هیوادارین بە هەموو لایەك تواناکانمان بخەینەگەڕ بۆ چارەسەرکردنی كێشە و گیروگرفتەكان و زاڵبوونی گەلەکەمان بەسەر ئەو قەیرانە ئابووری و تەندروستییەی کوردستان و تەواوی جیھانی گرتۆتەوە و، پێکەوە ھەوڵ بۆ خۆشگوزەرانی ھاووڵاتیان و پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلەكەمان بدەین.

جارێكی دیكە پیرۆزباییتان لێدەكەین و هەر سەرفراز و سەركەوتوو بن…

 

مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان

٨ـی٨ـی٢٠٢٠

 

Back to top button