پەیامی سەرۆك بارزانی بە بۆنەی یادی سی و دوو ساڵەی ئەنفالی بادینان
پەیامی سەرۆك بارزانی بە بۆنەی یادی سی و دوو ساڵەی ئەنفالی بادینان
بە ناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
تاوانی ئەنفالی بادینان درێژكراوەی ئەو زنجیرە تاوان و كارەساتانە بوو كە ڕژێمی پێشووی عێراق بە مەبەستی قڕكردن و لەناوبردنی گەلی كوردستان لە هەشتاكانی سەددەی بیستەمدا لە ناوچە جیاجیاكانی كوردستان ئەنجامی دا. لە 25ـی ئابی 1988 هەتا 6ـی ئەیلوولی 1988ـدا بەشێكی زۆری ناوچە و گوندەكانی دەڤەری بادینان كەوتنە بەر هەڵمەتی نامرۆڤانەی كیمیابارانكردن و گرتن و كوشتن و ڕاگواستن و ئەنفالی هاووڵاتیانی بێ تاوان لە لایەن هێزەكانی ڕژێمی ئەو كاتی عێراقدا. بە هەزاران كەس شەهید و بێ سەروشوێن و ئاوارە كران و سەدان گوندیش خاپوور كرا.
گەورەترین كێشەی ڕژێمەكانی پێشوو و نەیارانی كوردستان، بوونی گەلێك بوو كە خاوەنی مێژوو و جیۆگرافیا و تایبەتمەندییەكانی نەتەوە بوو. ئەوان مەبەستیان بوو لە ڕێگەی زەبر و زەنگ و جینۆساید و ئەنفال و گۆڕینی دیموگرافییەوە كۆتایی بە بوونی گەلی كوردستان بهێنن. بەڵام خۆڕاگریی خەڵكی كوردستان ڕێگەی لەوە گرت ئەو پیلانە شووم و نامرۆڤانەیە سەر بگرێت.
لە یادی كارەساتی ئەنفالی بادیناندا جەخت لە ڕەوایەتیی ماف و داواكارییەكانی گەلەكەمان دەكەینەوە و پێویستیشە دەوڵەتی عێراق قەرەبووی هەموو ئەو تاوان و كارەساتانە بكاتەوە كە لە سەد ساڵی ڕابردوو بەسەر گەلی كوردستانی هێناوە.
لەو یاد تاڵەدا سڵاو بۆ گیانی پاكی شەهیدانی ئەنفالی بادینان و گەرمیان و بارزان و هەموو شەهیدانی ڕێگەی ئازادیی كوردستان دەنێرین و ڕاشیدەگەیێنین كە هەرگیز ئەو زوڵم و نەهامەتی و تاوانانە لە یاد ناكەین كە لەدژی گەلەكەماندا كراون.
مسعود بارزانی
25ـی ئابی 2020