وەزیرى کارەبا : هەرێم (500) مێگاوات کارەبا بە عێراق دەدات
وەزیرى کارەباى حکومەتى هەرێم رایدەگەیەنیت؛ (500) مێگاوات کارەبا لە هەرێمەوە بۆ عێراق دەنێرین، دەشڵێت بەراورد بە ساڵى رابردو نزیکەى حەوت کاتژمێر پێدانى کارەبامان زیادکردوە.
کەمال محەمەد وەزیرى کارەباى هەرێم لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: ساڵى رابردو لە مانگى هەشت تەنها (14 بۆ 15) کاتژمێر کارەبا دەدرا بە هاوڵاتیان، بەڵام ئەمساڵ و لەم مانگەدا (20 بۆ 21) کاتژمێر کارەبا بە هاوڵاتیان دەدەین و ئەوەش بەرەوپێشچونێکى باشە.
باسى لەوەشکرد، زیادکردنى بەرهەمى غازى بۆ وێستگەکان و چاکردنەوەى کێشە تەکنیکییەکانى هەردو وێستگەى بێخاڵ و دەربەندیخان و کردنەوەى وێستگەى (300) مێگاواتى خەبات، هۆکارى زیادکردنى بەرهەمهێنانى کارەبان.
ئاشکراشیکرد، لەچەند رۆژى داهاتودا بەهۆى چاکردنەوەى کێشە هونەرییەکان لە وێستگەى کەسنەزان پێدانى کارەبا بەشێوەیەکى کاتى چەند کاتژمێرێک کەمدەبێتەوە.
لەبارەى هەناردەکردنى کارەباى هەرێم بۆ عێراق، وەزیرى کارەبا رایگەیاند: لە رۆژانى داهاتودا (500) مێگاوات کارەبا دەخەینە سەر تۆڕى کارەباى عێراق، ئەوەش جێگاى شانازییە بۆ هەرێم کە عێراق لە (1921) بەدواوە دەوڵەتە، بەڵام ئێستا هەرێم کارەباى پێدەدات.
ئاماژەى بەوەشکرد، پێدانى کارەبا بە عێراق، هیچ کاریگەرییەکى لەسەر کەمکردنەوەى کارەباى هەرێم نابێت، چونکە ئەو (500) مێگاواتەى کارەبا کە دەدرێت بە عێراق، لەو یەکانە دەدرێت کە لەکار کەوتون و عێراق پارەى دابینکردوە بۆ چاککردنەوەیان.
هەر لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، جەختى کردەوە، هاوڵاتیان و دەزگا دەوڵەتى و نادەوڵەتییەکان ئەوانەى قەرزى کارەبایان لایە، دەتوانن بە لێخۆشبونى (15%) قەرزەکانیان بگەڕێننەوە.