قەڵادزێ : فیشەك بەر سەرى منداڵێك کەوت و گیانى لەدەستدا
پۆلیسى راپەڕین رایدەگەیەنێت، مێردمنداڵێکى تەمەن (15) ساڵ، کە دانیشتوى قەڵادزێیە، بەهۆى بەرکەوتنى فیشەکەوە گیانى لەدەستداوە.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین ئاشکراى دەکات، ئێوارەى ئەمڕۆ کاتژمێر (5:00) تەرمى منداڵێک بەناوى (أ، أ، خ) تەمەن (15) ساڵ، کە دانیشتوى گەڕەکى راپەڕینە لە قەڵادزێ، گەیەنراوەتە نەخۆشخانەى گشتى قەڵادزێ.
ئاماژە بەوەش دەکەن، بەپێى وتەى کەسوکارەکەى، منداڵەکە لە زێى (کانیان) سەر بە قەڵادزێ؛ شوان بووە و لە شوێنێکى نادیارەوە فیشەکێک هاتوە و بەر سەرى کەوتوە و بەو هۆیەوە گیانى لەدەستداوە.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، دوای توێکاری بۆ تەرمەکەی دەرکەوت شوێنەواری یەک گوللە کە جۆری چەکەکەی لە ئێستادا نەزانراوە بە جەستەیەوە هەیە، دوای گرتنەبەری ڕێوشوێنی تەندروستی ڕادەستی کەسوکاری کرایەوە و تاوەکوئێستاش هۆکارەکەی نەزانراوە.
پۆلیسی ڕاپەڕین ڕاشیگەیاند، دۆسیەی لێکۆڵینەوە بۆ ڕووداوەکە کراوەتەوە و لێکۆڵینەوەش بۆ زانینی هۆکاری ڕاستەقینەی ڕووداوەکە بەردەوامە.