سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و شاندی یاوه‌ری دوو منداڵی رفێندراوی كوردی ئێزیدی له‌ توركیاوه‌ گه‌ڕانده‌وه‌ هه‌ولێر

 

دوای ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و شاندێكی یاوه‌ری سه‌ردانی توركیای كرد و له‌گه‌ڵ سه‌رۆك كۆمارو وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و وڵاته‌ كۆبوونه‌وه‌ له‌ دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی شانده‌كه‌ی هه‌رێم دوو منداڵی رفێندراوی ئێزیدی كه‌ له‌ ده‌ستی داعش رزگار كرابوون له‌گه‌ڵ شانده‌كه‌ی هه‌رێم  گه‌ڕێندرانه‌وه‌ كوردستان و له‌و باره‌یه‌وه‌ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان راگه‌یێندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌

له‌ راگه‌یه‌ندراوێكه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا هاتووه‌، دوو منداڵی ئێزیدی كه‌ له‌كاتی شاڵاوه‌ داگیركارییه‌كه‌ی داعش له‌لایه‌ن چه‌كدارانی ئه‌و رێكخراوه‌ رفێندرابوون، له‌گه‌ڵ شاندی یاوه‌ری نێچیرڤان بارزانی له‌ توركیاوه‌ گه‌ڕێندرانه‌وه‌ هه‌رێمی كوردستان و له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌:

دواى چه‌ندين ساڵى دابڕان له‌ خێزان و كه‌سوكاريان، ئه‌مڕۆ هه‌ينى 4/9/2020 دوو منداڵى ئێزدى كه‌ خوشك و بران و داعش رفاندبوونى، له‌گه‌ڵ شاندى ياوه‌رى نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ سه‌ره‌دانه‌كه‌ياندا بۆ ئه‌نقه‌ره‌، گه‌ڕێنرانه‌وه‌ هه‌رێمى كوردستان و له فڕۆكه‌ى نێوده‌وڵه‌تيى هه‌ولێر راده‌ستى كه‌سوكاريان كراوه‌نه‌وه‌.

نووسينگه‌ى رزگاركردنى رفێنراوانى ئێزديى سه‌ر به‌ نووسينگه‌ى نێچيرڤان بارزانى، ماوه‌ى زياتر له‌ سێ ساڵه‌ كار له‌سه‌ر كه‌يسى ئه‌م دوو منداڵه‌ ئێزدييه‌ ده‌كات و دواى هه‌وڵێكى زۆر و به‌ هاوكاريى خێرخوازان و لايه‌نه‌ په‌يوه‌نداره‌كانى حكومه‌تى توركيا، توانرا بدۆزرێنه‌وه‌ و دواى ته‌واوكردنى رێكاره‌ ياساييه‌كان، بگه‌ڕێنرێنه‌وه‌ هه‌رێمى كوردستان.

سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان و نووسينگه‌ى نێچيرڤان بارزانى، سوپاسى هه‌وڵ و ماندووبوونى هه‌موو ئه‌وانه‌ ده‌كات كه‌ له‌م كه‌يسه‌دا هاوكار بوون، هه‌روه‌ها سوپاسى لايه‌نه‌ په‌يوه‌نداره‌كانى حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و توركيا ده‌كات، كه‌ يارمه‌تيده‌ر بوون له‌ راييكردنى مامه‌ڵه‌ فه‌رمييه‌كان و زوو به‌ڕێكردنى رێكاره‌كان، به‌ شێوه‌يه‌ك كه‌ ئه‌مڕۆ توانرا بگه‌ڕێنرێنه‌وه‌ هه‌رێمى كوردستان.

 

Back to top button