فرانس پرێس، نهێنیه‌كانی كۆبوونه‌وه‌ی ئاستانه‌ ئاشكرا ده‌كات

خواكوڕك
‎ نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە سوریا “ستیفن دی میستورا ” وتی رێکخراوەکەی ئامادەكاری ده‌كات بۆ هاریکاریی و گەشەپێدانی میکانیزمەکە و “دڵنیابوون لەوەی ئاگربەستەکە یارمەتی پتەوکردنی جۆرێتیی ئاگربەستەکە دەدات”،
ھاوکات ھیواشی خواست کە کوردی سوریاش بتوانن نوێبەریان ھەبێت لە کۆبۆنەوەکانی جینێف له‌ مانگی داھاتوو.

هێزه‌كانی ‎ئۆپۆزسیۆنی سوریا داوای وەستاندنی هێرشەکانی رژێم ده‌كه‌ن بۆ سەر وادی بەر، کە ناوچەیەکه‌ 15 کیلۆمەتری له‌ باکوری-خۆرئاوای دیمەشقەوه‌یه‌، بەڵام جەعفەری سووربوو لەسەر ئەوەی ئۆپەراسیۆنەکان لەوێ بەردەوامیان هه‌بێت،
‎له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ قسەی توند و جوێنی زۆر لەنێوان دوو شاندەکەدا دەبیسترا، هەروەها هێشتا نازانرێت سێ رێکخەرەکە، روسیا، تورکیا و ئێران، چۆن جیاوازییەکانی نێوانیان دەربارەی رۆڵی گفتوگۆکان پینەکردووە.

گفتوگۆی ئاشتی لەنێوان رژێمی سوریا و گروپەکانی ئۆپۆزسیۆن لە ئاستانەی پایتەختی کازاخستان، سێشەممە (24 کانونی دووەم)، میکانیزمێكی هاوبەشی لێكه‌وته‌وه‌ بۆ چاودێریکردنی ئاگربەستە لاوازەکەی سوریا لە نێوان ئەو ھەموو گرووپ و رێکخراوە چەکداریانەی کە لە زونگاوی قەیرانەکانی سوریا دان.

 

‎قه‌یرانه‌كه‌ وه‌كو خۆی

ئاژانسی فرانس پرێس لە راپۆرتێکدا ئاماژەی داوە کە ‎چارەسەرێکی سیاسیی هەمیشەیی بۆ شەڕەکە هێشتا ئەستەم و دوورە دەستە، ئەمەش دوای ئەوەی لایەنە ناکۆکەکان دوو رۆژ لە گفتوگۆی ناڕاستەوخۆدا بوون. تورکیا، روسیا و ئێران، سێ سەرپەرشتیاری سەرەکیی دانوستانەکانی ئاستانەبوون و ئەرکی دروستکردنی “میکانیزمی سێ قۆڵیی بۆ چاودێرییکردن و دڵنیابوون لە پابەندبوون بە ئاگربەست”ەکەی سوریایان لە ئەستو دایە، چونکە ھەر ئەوانیش بوون کە کۆتایی کانونی یەکەم بەڵێنی ھەنگاونان بەرەو چارەسەری کوتاییان بە خەلکی سوریا راگەیاند.

‎سێ سەرپەرشتیارەکە رێککەوتن لەسەر ئەوەی گروپە ئۆپۆزسیۆنەکان دەبێت بەشداربن لە خولێکی نوێی گفتوگۆی ئاشتی کە بڕیارە نەتەوە یەکگرتووەکان مانگی داهاتوو لە جنێڤ رێکبخات. دوایین بەیاننامەی روسیا، ئێران و تورکیا، کە لەلایەن وەزیری درەوەی کازاخستان “قەیرەت عەبدڕەخمانۆڤ ” ەوە خوێندرایەوە، رایگه‌یاند “هیچ چارەسەرێکی سەربازیی بۆ شەڕی سوریا نیە و… تەنها دەتوانرێت لەڕێی پرۆسەی سیاسییەوە چارەسەربکرێت.”

 
‎نەبوونی بەرەوپێشچوونی بەرچاو لە پرۆسەی دانوستانەکە

‎وابڕیاربوو لە کۆبوونەوەکەدا بۆ یەکەم جار دانوستانی رووبەڕوو لەنێوان رژێم و ئۆپۆزسیۆنی چەکدار روووبدات لەو کاتەوەی شەڕی سوریا هەڵگیرسا لە 2011دا، بەڵام ئۆپۆزسیۆن کشایەوە و میانگیرەکانیش ناچاربوون لەنێوان دوو لایەنەکەدا هاتووچۆ بکەن. دانوستانکاری ئۆپۆزسیۆن “محەمەد عەلوش” بە ئاژانسی فرانس پرێسی وت “کەللەڕەقی ئێران و رژێم” بەرپرسیاربوون لەوەی “بەرەوپێشچوونی بەرچاو” لە دانوستانەکاندا روونەدات.

‎دوایین دەستپێشخەریی دبلۆماسیی بۆ کۆتاییهێنان بە خوێنڕژان دوای مانگێك هات لەوەی هێزەکانی رژێم بەتەواوی دەستیانگرت بەسەر شاری حەلەبدا. ‎ئاگربەستێك کە لەلایەن روسیا و تورکیاوە سازکرا، لە کانونی یەکەمەوە ئامادەکاری بۆکراوە، بەڵام هەردوولا، ئۆپۆزسیۆن و رژێم، سکاڵایان لەدەست پێشێلکاریی چەندجارە کردووە.

‎ئۆپۆزسیۆن کە سووربوو لەسەرئەوەی گفتوگۆی ئاستانە بەکاردەهێنێت تا فشار بخاتە سەر رژێم بۆ رێزگرتن لە ئاگربەستەکە -بەڵام خودی شاندەکەش رۆژی دووشەممە رەتیکردەوە بەشداریی لە گفتوگۆی راستەوخۆدا بکات لەگەڵ رژێم، چونکە رژێم بەردەوامبوو لەسەر هێرشەکانی بۆ سەر “وادی بەرە” دا لە دەرەوەی دیمەشق.

 

یەك ئامانج

‎دانوستانکاری رژێم بەشار جەعفەری، دوای کۆتایی گفتوگۆکان وتی کۆبوونەوەکە “سەرکەوتووبووە لە گەیشتن بە ئامانجی پتەوکردنی دەستبەردان لە دوژمنکاریی و جەنگی خوێناوی بۆ ماوەیەکی دیاریکراو، کە رێگەخۆشکەرە بۆ گفتوگۆ لەنێوان سوریاییەکاندا” بەڵام لەوکاتەدا هیچ وردەکارییەکی تەواو نەدرا دەربارەی میکانیزمە سێ قۆڵییەکە بۆ بەهێزکردنی ئاگربەست و چۆنێتی چارەسەرکردنی کێشە ئاڵۆزەکان و پرۆسەکانی بێدەنککردنی چەکەکان و گێرانەوەی ئارامی بو ھەندێ ناوچە.

ئەندامێکی شاندی ئۆپۆزسیۆن دووشەممە بە ئاژانسی فرانس پرێسی وت کە گروپەکەی قایلە بەوەی ” روسیا وەك لایەنی دڵنیاکەرەوە لە ئاگربەستی ئێستا رۆڵ ببینێت، بەڵام نەك ئێران ” ، کە کۆنترۆڵی ئەو هێزە سەربازییە دەکات کە بۆ رژێمی سوریا شەڕدەکات چونکە ئێران بەشێکی کاریگەری ھۆکارەکانی سەرھەلدانی کۆی قەیرانەکانی سوریایە.
‎هاوکات رژێمی سوریا رایگەیاند رەتیدەکاتەوە گفتوگۆ لە ئاستی حکومەتدا بکات لەگەڵ تورکیا یان هەر بەڵگەنامەیەك واژۆ بکات کە واژۆی بەرپرسێکی تورکی پێوەبێت. لە دەستپێکی شەڕی سوریاوە کە لە 2011دا هەڵگیرسا، زیاد لە 310,000 کوژراون و زیاد لە نیوەی خەڵکی وڵاتەکە ئاوارەبوون.

Back to top button