پێشمه‌رگه‌ به‌ تووندی وه‌ڵامی حه‌شدی شه‌عبی ده‌داته‌وه‌

خواكوڕك

فەرماندەیەكی پێشمەرگە لە میحوەری شنگال رایده‌گه‌یه‌نێـت، “حەشدی شەعبی بە فەرمی داوای لێبووردنی لە هێزەكانی پێشمەرگە كردووە و هۆشداریی توندیشمان داوەتە هێزەكانی حەشدی شەعبی بەوەی كە لە دووبارەبوونەوەی تۆپبارانی سەنگەرەكانی پێشمەرگە، وەڵامی توندمان دەبێت و پێرێ شەویش تۆپخانەكانی پێشمەرگە وەڵامی تۆپبارانەكەی حەشدی داوەتەوە و بێدەنگی كردوون”.

عه‌مید هاشم سیته‌یی فه‌رمانده‌ له‌ میحوه‌ری شه‌نگال رایده‌یگه‌یه‌نێت، “دوای ئەوەی هێزەكانی حەشدی شەعبی تۆپبارانی سەنگەرەكانی پێشمەرگەیان كرد، ئێمە وەك هێزەكانی پێشمەرگە هۆشداریی توندمان داوەتە حەشدی شەعبی و ئەوانیش دیارە دەستیان بە لێكۆڵینەوە كردووە و داوای لێبووردنیان لە هێزەكانی پێشمەرگە كردووە، گوایە تۆپبارانەكە بە هەڵە بووە، ئێمەیش نامانەوێ كێشە دروست ببێت لە نێوان پێشمەرگە و حەشدی شەعبیدا، هیچ نەبێت ئەمڕۆ پێكەوە لە سەنگەرێكداین دژی تیرۆریستانی داعش”.

سیته‌یی له‌باره‌ی كرده‌وه‌كانی داعش به‌ مالپه‌ڕی فه‌رمی پارتی راگه‌یاندووه‌، “چەندین جار ئەوانە ناوە ناوە تۆپەكانیان بەرەو سەنگەرەكانی پێشمەرگە دەتەقاند، ئێمەیش ئەوەمان قبووڵ نەكرد و تۆپخانەكانی پێشمەرگە وەڵامی تۆپەكانی حەشدی شەعبی دایەوە و بێدەنگی كردن، دوای ئەوەیش بێدەنگ بوونە و هیچ تۆپێكی دیكەیان ئاودیوی سەنگەرەكانی پێشمەرگە نەكردووە، هەر كاتێك ئەوان تۆپبارانی پێشمەرگە بكەن، ئێمەیش بە توندی وەڵامیان دەدەینەوە”.

ئه‌و فه‌رمانده‌یه‌ ده‌شڵێت، “ئێستا رەوشی سەنگەرەكانی پێشمەرگە باشە و چەكدارانی داعش بەردەوام لە شكستدان و هیچ جووڵەیەكی ئەوتۆیان نەماوە، تەنیا ئەو خرووقاتەی حەشدی شەعبی هەیە، ئەویش كۆتایی پێ دێت و لەسەر ئاستی باڵای وەزارەت دانوستان لەگەڵ حەشدی شەعبی دەكرێت لەبارەی رووداوەكەوە و، لە كاتی دووبارەبوونەوەیشدا هەڵوێست و وەڵامی توندمان دەبێت”.

Back to top button