باجی مووشەکبارانکردنی هەولێر قوڕس دەبێت

 
 
لەلای دەزگاکانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، سەرچاوەی ئەو مووشەکانەی کاتژمێر 8:30ى شه‌وی چوارشەممە به‌ ئاراسته‌ى هه‌ولێر هاوێژراون، بە بەکارهێنانی بارهەڵگرێک لە جۆری کیا لەو ناوچەیەی پارێزگای نەینەوایە، کە له‌ژێر دەستی لیوای ٣٠ی ميليشياكانى حه‌شدى شه‌عبييه‌‌.
 
ئەم لیوایە بەوە تۆمەتبارە، کە تاوانی گەورەی کوشتن و بێسەرشوێن کردنی بەرامبەر خەڵکی سیڤلی ئەم ناوچەیە کردووە. هەر ئەمشەو سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تویتێکدا وێڕای ئیدانە کردنی ئەم تاوانە، ئەوەشی ئاشکرا کردووە، کە نووسیویەتی” حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەڵامی تووندی دەبێت.”
 
لەلایەکی دیکەوە لە راگەیەندراوێکدا “فەرماندەی پرۆسە هاوبەشەکان” ئاراستەکردنی مووشەک دژی هەولێر بە کاری گرووپە تیرۆریستەکان ناودەبات و ئەوەشی راگەیاندووە،” بە فەرمانی باڵاوە بڕیاری راگرتنی فەرماندەی هێزی بەرپرسی ئەم ناوچەیە دەرچووە و لێکۆڵینەوەکان دەستیان پێکردووە.”
ئەمەش باوەگۆیەکی ئەرێنیی حکوومەتی ئێستای فیدراڵە، کە بەرامبەر تاوانی ئەو گرووپە تیرۆریستانە بێ وەڵام نابێت. لەگەڵ ئەوەیشدا، ئەم هێرشە مووشەکییەی ئەمشەو لەم کات وساتەدا، کە ئەو گرووپانە لە بەغدا و شارەکانی دیکەی باشووری عێراق لە ژێر گوشارێکی تووندی حکوومەت دان. دەستی هەمان سینارۆریستی ئاراستە پێ گۆڕینی هێرشی ساڵی ٢٠١٤ی داعشمان لە دژی هەولێر بەبیر دێنێتەوە.
ئاخر ئەوکاتیش داعش دوای بەئاسانی گرتنی مووسڵ و دیالە و سەلاحەدین، گەیشتبووە بەر دەرگەی بەغدا و هەڕەشەی داگیرکردنی پایتەختی دەکرد، کە هەن لە ئاستی بەرزەوە بە قوڵایی ستاتیژی خۆیانیان وەسف کردووە. ئێستاش لە قاودانی ئەو گرووپە ملیشیانەی ( دەزانرێ لە کێوە ئاراستە دەکرێن) بوونەتە مەترسی بۆ بالیۆزخانە و نێردە دیپلۆماسییەکان لە بەغداو شارەکانی باشوری عێراقدا بووەتە ئەمری واقیع، دەیانەوێ بەم کارەیان( بە ئاڕاستە گرتنی هەولێر) فیتیلی ئەو شەڕەی خەریکە لە بەغدا لە دژیان گڕ دەگرێ، هەم لە خۆیان دوور بخەنەوە، هەم مەیدانی شەڕە حەتمیەکەش بگۆڕن، کە پێدەچێ تەگبیرکەریان لەبیری نەمابێت یا خۆی لە گێلی دەدات، کە وێڕای بەجێهێشتنی چەک و تفاقی پێشکەوتووی شەش لیوای عێراقی بۆیان، بەڵام هەر لێرە لە کوردستان پەلامارەکانی داعش شکست پێهێنران.
بۆ بەئاگا هێنانەوەی ئەوانە و تەکبیرکەریان، پێویستە داستانەکانی پردێ و سحێلایان بە بیر بهێنرێتەوە، کە چۆن لە هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەپاڕێنەوە تەنها دەرفەتیان بدەن تەرمی کوژراویان بەرنەوە. ئەگەر هۆش نەهێننەوە بەر خۆیان، چۆن هەرێمی کوردستان بەپشتیوانی و یارمەتی هاوپەیمانان لە بری جیهان شەڕی داعشی کرد و شکاندی، ئەمجارەش بۆ پێشکەوتنی زیاتری کوردستان و پاراستنی شکۆی وڵاتانی جیهان و گیانی نێردە دیپلۆماسییەکان شەڕی ئەو ملیشیانەش دەکات، کە سوپای عێراق بە گرووپی تیرۆریستی ناویان دەبات.
Back to top button