كۆی قەرز و پابەندە داراییەكانی هەرێمی كوردستان راگەیەنرا

مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان، كۆی قەرز و پابەندە داراییەكانی هەرێمی كورستانی راگەیاند كە دەگاتە سەرووی 28 ملیار و 476 ملیۆن دۆلار، ئەوەش زیاترە لە 33 تریلیۆن و 659 ملیار دیناری عێراقی.

بەپێی ئەو خشتەیەی خراوەتە بەردەم پەرلەمان، كۆی گشتی قەرزە دەرەكی و ناوخۆییەكانی هەرێمی كوردستان، حەوت ملیار و 256 ملیۆن و 283 هەزار و 646 هەزار دۆلارە كە بە دینار دەكاتە سەرووی هەشت تریلیۆن و 576 ملیار دینار.

كۆی گشتی پابەندە داراییەكان بریتییە لە هەشت ملیار و 337 ملیۆن و 989 هەزار و 532 دۆلار كە بە دینار دەكاتە سەرووی نۆ تریلیۆن و 855 ملیار دینار.

لەو خشتەیەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڵاوی كردووەتەوە، كۆی گشتی پابەندی دارایی تایبەت بە پاشەكەوتی شایستەی دارایی مووچەخۆران و خانەنشینان كراوە، بڕەكەی هەشت ملیار و 966 ملیۆن و 156 هەزار و 514 دۆلارە كە بە دینار دەگاتە 10 تریلیۆن و 597 ملیار و 997 ملیۆن دینار.

هەر لە ڕاپۆرتەكەیدا مەسرور بارزانی دووپاتی كردەوە كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان چەندین ملیار دۆلار قەرز و پابەندیی دارایی لەسەرە و بەشێكی زۆری قەرزەكانیش لەسەر حكوومەتی فیدرالە بەهۆی نەناردنی بەشەبودجەوە، بۆیە هیچ یەدەگێكی داراییمان لەبەردەستدا نییە.

تیشكیشی خستە سەر ئەوەی كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری خستنەڕووی سەرجەم خەرجی و داهاتەكانی داوە و سەرجەم خەرجی و داهاتەكانی رەوانەی دیوانی چاودێریی دارایی كردووە و لەوێشەوە دەستەیەك پێكهێندراوە و یەكەمین ڕاپۆرت ئامادە كراوە. هەمان دەستە ڕاسپێردراوە بۆ ئامادەكردنی راپۆرتی كۆتایی. دوای گەیشتنی راپۆرتی كۆتایی، ئەنجوومەنی وەزیران راپۆرتێكی ورد بۆ پەرلەمانی كوردستان دەنێرێت.
بەپێی ئەو داتایانەی مەسرور بارزانی خستییە، ڕوو، خشتەی قەرز و پابەندییە داراییەكانی سەر حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەم شێوەیە:

– كۆی گشتیی قەرزەكانی دەرەكی و ناوخۆ: ٧ ملیار و ٢٨٦ ملیار و ٢٨٣ هەزار و ٢٠٠ دۆلار.
– كۆی گشتیی پابەندییە داراییەكان: ٨ ملیار و ٣٣٧ ملیۆن و ٩٨٩ هەزار و ٥٣٢ دۆلارە.
– كۆی گشتیی پابەندییە داراییەكان بەرامبەر مووچەخۆران و خانەنشینان: ٨ ملیار و ٩٦٦ ملیۆن و ١٥٦ هەزار و ٥١٤ دۆلار.

ئێستا: ٢٨ ملیار و ٤٧٦ ملیۆن و ٦٥٧ هەزار و ٣٩ دۆلار كۆی گشتیی قەرز و پابەندییە داراییەكانی سەر هەرێمی كوردستانە.

Back to top button