سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کار لەسەر هەمەجۆرکردنی ئابووری کوردستان دەکەین

مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی پۆڵەندا لە عێراق دەكات و پەرەپێدانی زیاتری پێوەندییەكانی پۆڵەندا لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان تاووتوێ كرا.

ئەمڕۆ سێشەممە ٢٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٠، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە مارجن كۆبیاك باڵیۆزی پۆڵەندا لە عێراق كرد.

لە دیدارەكەدا پەرەپێدانی زیاتری پێوەندییەكانی پۆڵەندا لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان تاووتوێ كرا.

باڵیۆزی پۆڵەندا لە عێراق ئامادەیی وڵاتەكەی نیشاندا بۆ پێشخستنی پێوەندییەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان بەتایبەتی لە بواری ئاڵۆگۆڕی بازرگانی و یارمەتیدانی هەوڵەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پەتای كۆڕۆنا.

سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئاماژەی بەوە دا كە لە چوارچێوەی كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا ، كار بۆ هەمەجۆركردنی ئابووری و سەرچاوەكانی داهات دەكەین و گرنگیی زۆر بە كەرتی كشتوكاڵ دەدەین، بە تایبەتی كە هەرێمی كوردستان دەرفەتی ئەوەی هەیە لە بواری كشتوكاڵییەوە ببێتە سەبەتەی خۆراك بۆ هەموو عێراق.

Back to top button