پێوەندی مێژووی کورد و فەرەنسا لەوە تێپەڕیوە چەند پەرلەمانتارێک بۆ مەرامی حزبی خۆیان بیانەوێت درزی تێبکەن
لە دوای ئەوەی چەند پەرلەمانتارێک بۆ مەرامی ئایدۆلۆژیایی حزبی خۆیان و بە هاندانی وڵاتێکی دراوسێ نامەیەکی ناڕەزایەتی دەربڕین ئاراستەی کونسولخانەی فەڕەنسا دەکەن لە هەولێر ، لە بەهانەی ئیهانە کردن بە موسوڵمانان ، ژمارەیەک نووسەر و هونەرمەند و رووناکبیریش یادداشتنامەیەک ئاراستەی هەمان کونسولخانە دەکەن و گەلی فەڕەنسا دڵنیا دەکەنەوە لەوەی پێوەندی مێژووی گەل و حکومەتی فەڕەنسا زۆر لەوە بەهێزترە چەند توندڕەوێکی کارێکراو بیانەوێت درزی تێبکەن .
لە یادداشتنامەکەدا هاتووە ، : “رۆژی دووشەممەی رابردوو 26/10/2020، 25 پەرلەمانتاری كورد لە كوردستان، یاداشتنامەیەكی ناڕەزاییان داوەتە كۆنسوڵخانەكەتان، بەو مەبەستەی بگات بە دەستی لێپرسراوانی ئەو وڵاتە. یاداشتانەمەكە پێچەوانەی بەرژەوەندی باڵای نیشتمانی و گەلی كوردستان، هەروەها پێچەوانەی پەیوەندی قووڵی دۆستانەی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی فەرەنسا بوو. بۆیە ئێمە كە كۆمەڵێك نووسەر و هونەرمەندی دیاری ھەرێمی كوردستانین، بە توندی ناڕەزایی دەردەبڕین بەرانبەرهەڵوێستی ئەم 25 پەرلەمانتارەو ئیدانەی دەكەین
هاوکات لە یادداشتنامەکەدا ئاماژە بەو پەرلامانتارانە کراوەو کە”هەندێك لە پەرلەمانتاران خۆیان بوونەتە كێشە بۆ هەرێمی كوردستان و، بەردەوام كێشەش دروستدەكەن و خەمی بەرژەوەندی باڵای نیشتمانیان نییەو، بە ئاراستەی پێچەوانە دەجووڵێنەوە. بۆیە هەڵوێستی ئەو پەرلەمانتارانەی لە یاداشتەكە واژۆیان كردووە، بە گرنگ مەزانن و فەرامۆشی بكەن و، نامانەوێ لەسەر هەرێمی كوردستان و خەڵكەكەی حسابی بكەن، كە هەمیشە خۆمان بە دۆستی نزیكی وڵاتی فەرەنسا و گەلی قارەمانی فەرەنسا زانیوە
لە کۆتایی یادداشتنەماەکدا جەخت کراوەتەوە لەوەی : “دۆستایەتی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی فەرەنسا، زۆر لەوە گەورەتر و قووڵترە بە یاداشتنامەیەكی چەند پەرلەمانتارێك درزی تێبكەوێت”.