سەبارەت بەدۆخی تەندروستی فەرسەت سۆفی روونكردنەوە دەدرێت
پارێزگای هەولێر رەتیدەكەنەوە دۆخی تەندروستی فەرسەت سۆفی، پارێزگار خراپ بێت و دەڵێن، ئێستا لەدەرەوەی وڵات چارەسەر وەردەگرێت.
بەپێی راگەیەندراوێكی نووسینگەی پارێزگاری هەولێر، دوای ئەوەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەهۆی تووش بوونی بە ڤایرۆسی كۆرۆنا و ناجێگیری دۆخی تەندروستی، د.فەرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر ڕەوانەی دەرەوەی وڵات كرا بۆ وەرگرتنی چارەسەر، لێرەو لەوێ چەند پەیجێكی چەواشەكار و كەسانێكی نابەرپرس و بێئاگا لەبارەی دۆخی تەندروستی پارێزگاری هەولێر هەواڵ و زانیاری بڵاو دەكەنەوە.
راگەیەنراوەكە ئاماژەی بەوەكردووە، وێڕای ڕەتكردنەوەی هەموو ئەو دەنگۆ و هەواڵ و زانیارییە نادروستانەی بڵاوكراوەتەوە، هاوڵاتیان دڵنیا دەكەنەوە، د.فەرسەت سۆفی، ئێستا لەدەرەوەی وڵات لەنەخۆشخانەیە و لەژێر چارەسەری پزیشكیدایە و تەندروستیی جێگیرە، هەموو ئەو زانیاریی و هەواڵانەی لەبارەی تەندروستییەوە لێرەو لەوێ دەوترێ دوورە لەڕاستی و جگە لەبڵاوكردنەوەی چەواشەكاریی و شێواندنی ڕاستییەكان، شتێكی دیكە نییە.