خۆشەویستی بەندكراو
شاندێكی باڵای عەرەبی شیعه لە كوردستانە، پەیام و گوتەیان برایەتی و یەكبوون و وانەوەرگرتن لە رابردووە. دەیانەوێ بڵێن با پێكەوە دیسانەوە عێراق بنیاتبنێین، وەرن با شەریك بین، كوردستانمان خۆش دەوێ، بەبێ كوردستان عێراق لاواز و پەككەوتوو و پەراوێزخراو دەبێ، بە كوردستانەوە جوانین. وەرن با رابردوو لە یاد بكەین و دیموكراسی و یەكسانی و دەستوور جێگیر بكەین.
ئەم پەیامە رەنگە هەڵگری نیازپاكی هەندێ كەسایەتیی شیعه بێت، بەڵام لە راستیدا ئەمانە تەنیا قسەن و دەردی گەلی ستەمدیدەی كورد دەرمان ناكات. سەت ساڵە ئەوە كوردە بە چنگ و ددان پەیامی لەم چەشنە بە گوێی دەوڵەتە كەڕ و نابیساكەی عێراقدا دەچرپێنێت. ئەم گوتە و پەیامگەلە بۆ كورد كۆنن و دڵی هیچ هاووڵاتییەكی كوردستان خۆش ناكات.
لە ساڵی 1921 تاوەکو 2003، عەرەبی سوننەی دەستەڵاتدار، گەلی كوردستانی جینۆساید و تەعریب كرد. پێی نایە سەر چەمكی شەراكەت و كوردی بە پاشكۆ و پلە دوو دەدیت. لە 2003 تاوەکو ئێستا عەرەبی شیعه كە لەسەر شانی كورد دەستی لە سوڵتەدا گیر بوو بە هەمان ئاراستەی پێشوو هەنگاوی نا.
ئابڵۆقەی خستەسەر پێشمەرگە و نانی گەلی كوردستانی بڕی. كوردستانی لە داعش نەپاراست بەڵكو كۆسپی بۆ هاوكاریی هاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە دروست دەكرد. ئێستا چاوی لەو خاكەیە كە پێشمەرگە بە خوێنی خۆی رزگاری كردووە لە ئەهریمەنی تیرۆر.
پەیامەكەی حەكیم و هاوڕێكانی كێشەی عێراقی بریندار و كورد چارەسەر ناكات. هیچ ناوەندێك بەناوی سوننە نەماوە نوێنەرایەتیی ئەو پێكهاتەیە بكات. ئەوەی هەیە نائومێد و گۆشەگیرە و بەشێكیشان بۆ پارە بوونەتە پاشكۆی مالیكی.
دوای ئەو هەموو قوربانیدانە گەلی كوردستان رازی نییە لە سەربەخۆیی كەمتر دانوساندن لەگەڵ بەغدا بكات. كوردستان نایەوێ بەشداری دەوڵەتێك بێت كە ئەنجامی هەموو شتەكان دیارە و زۆرینەی عەرەب بۆچوونەكانی دەسەپێنێت. نایەوێ لە وڵاتێكدا بێت قوتی بە نووكە ئیمزای حاكمێك بەند بێت. كوردستان نایەوێ بچێتە ناو گۆڕەپانێك كە ئامرازی بەرگریكردن لە خۆی نەبێت. چیدیکە كوردستان ملكەچی فەرهەنگێك نابێ كە تاییفەگەری و جیاكاری و خۆبەزلزانین تاوی دەدات.
كوردستان نایەوێ خۆشەویستێكی بەندكراو و بێئیرادە بێت، ماندوو بووە لەوەی جوانی و سامانەكانی بۆ عرووبەخوازی و دەوڵەتی قەڵپی عێراق بڕوات.
حەكیم و شاندە باڵاكەی عەرەبی شیعه هەموو ئەو راستیانە دەزانن، ئاگاداری ورد و درشتی ئەو زوڵمەن لەگەلی كورد كراوە و دەكرێت. تەنیا شتێك كە دەنگی ئەوانی دلێر كردووە كەمپینە هەرزەكارەكەی بەشێك لە نوێنەر و سیاسییەكانی كوردە لە بەغدا كە تەپڵی پاشكۆیی دەكوتێت و ئاو دەكاتە ئاشی نەیارە فێڵبازەكانی كورد.