پەرلەمانتارێکی پارتی : دەزانین کۆمەڵ کوێی ژان دەکات
لە دوای ئەوەی فراکسیۆنی کۆمەڵ ، پێش دەنگدانی پەرلەمان بە کاندیدی پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستی کردووە بە دژایەتی و ڕایانگەیاندووە دەنگ نادەن ، بەهمەن کاک عەبدووڵلا پەرلەمانتاری لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک دەنووسێت کەس تەکلیفی لە کۆمەڵ و یەکگرتوو نەکردوە ، و دەشزانین کۆمەڵ کوێی ژان دەکات
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات ، هەرلەئیستاوە فراکسیۆنی کۆمەڵ و یەکگرتوو دەستیان کردووە بەموزایدە گوایە دەنگ بەو کاندیدە نادەن ، جاری ئەوان ئۆپۆزسیۆنن و ئۆپۆزسیۆنیش دەنگ بەکابینەی حکومی نادات ئیتر موزایدەو خۆشین کردنەوەی ناوێت ، دواتریش کەس لەپارتی و فراکسیۆنەکەی تەکلیفی لەوان نەکردوە دەنگ بدەن و تەکلیفیشیان لێ ناکەین و پێویستیشمان بەدەنگی ئەوان نیە .
بەهەمەن کاک عەبدووڵلا سەبارەت بە دژایەتی بەردەوامی کۆمەڵ لە سەر کابینەی نۆیەم بەم شێوەیە باس لە هەڵوێستی کۆمەڵی ئیسلامی دەکات و دەنووسێت :
کۆمەڵی ئیسلامی و کاك عبدالستار ناحەقیان نیە هیچ قسەیەکی خیر لەسەر ئەم کابینەیە نەکەن و بەردەوامیش دژی بن ، چونکە ماوەیەکی زۆر لەچاوەڕوانی فەرمویەک یان ( کەرەمکەن ) ێکی پارتی مانەوە و نەیان بینی ، بۆیە لەهەستی برینداریان تێ دەگەین .
لە کۆتایی پۆستەکەی خۆیدا بەهمەن ئاماژە بە هەڵویستی پەرلەمانتارانی گۆڕانیش دەکات بەم جۆرە ڕای خۆی دەردەبڕێت ، ئەو چەند پەرلەمانتارەی گۆڕانیش کەڕایان گەیاندوە و دەنگ نادەن بەکاندیدی وەزیری سامانە سروشتیەکان ، با بزانن پۆستی تریان ماوەو رۆژگاریش زۆری ماوە ، ئێمە دەنگی تەواومان هەیە بەلام دواتر با کاك عدنان عوسمان گلەی لەو پەرلەمانتارانەی خۆیان بکات کەهاک کراون ، بۆ پۆستەکانی داهاتویان .