لە چوارچێوەی بڕیارەکانی چاکسازی ، بڕیار لە سەر چۆنیەتی بەرێوەبردنی خاڵە سنوورییەکان دەدرێت
لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستان بەڕێوەبەری راگەیاندن و هۆشیاری نیشتمانی وەزارەتی پێشمەرگە ئاشکرای دەکات ، دوای بڕیاری سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بۆ دروستكردنی ھێزێكی ھاوبەشی وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆ بۆ خاڵە سنوورییەكان، ئێستا ئامادەكاری بۆ دروستكردنی ئەو ھێزە دەكرێت، كە دروستیش كرا، لە ھەموو خاڵە سنوورییەكان جێگیر دەكرێن
لیوا بابەكر فەقێ ئەحمەد، لەمبارەوە گوتی : ، بە بڕیاری حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، ھێزێكی ھاوبەش بۆ خاڵە سنوورییەكانی ھەرێمی كوردستان رەوانە دەكرێت بۆ رێگریكردن لە زێدەڕۆییەكان یاخود قاچاخچێتی و، ھێزەكانیش لە ھەموو خاڵە سنوورییەكان جێگیر دەكرێن.
لیوا بابەکر هاوکات ئاماژە بەوە دەکات ، ئەو بڕیارە یەكێكە لە بڕیارەكانی چاكسازی و دەخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە، بۆیە ھەوڵێكی جیددی دەدرێت و لە ئێستاشدا میكانیزمێكی بۆ دادەنرێت و بەم زووانە ھێزەكان ئامادە دەكرێن و بڕیارەكە جێبەجێ دەكرێت.
هەر سەبارەت بە گرینگی ئەو بڕیارە بەڕێوەبەری راگەیاندن و هۆشیاری نیشتمانی وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت “وەكو وەزارەتی پێشمەرگە، چ ھێزێك پێویست بێت بۆ خاڵە سنوورییەكانی رەوانەی دەكەین، ئەو ھێزانەی رەوانەش دەكرێن لە وەزارەتی پێشمەرگە، ھەماھەنگی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ دەكەن و لەو خاڵە سنووریانە جێگیر دەكرێن”.
لە کۆتاییشدا ئەرکی ئەو هێزانە روون دەکاتەوە کە بەبێ ململانێی حزبی “ئەو ھێزانە كاریان پاراستنی بازگە و گومرگە سەرەكییەكان دەبێت و لە تەواوی خاڵە سنوورییەكان جێگیر دەكرێن، كە پارێزگاری لە شوێنە سەرەكییەكانی ئەو خاڵە سنووریانە دەكەن”.