حکومەتی هەرێم هەڵمەتێکی خزمەتگوزاری بۆ گەرمیان دەستپێدەکات
لە چوارچێوەی پلانی بەرفراوان کردنی رێگاوبانەکانی هەرێمی کوردستان لە لایەن حکومەتەوە ، لە سنووری ئیدارەی گەرمیان چەندین پرۆژەی گرینگی رێگەوبان جێبەجێ دەکرێن ، وەک بە جووتسایدکردنی رێگای دەربەندیخان بۆ کەلار و کەلار بۆ کفری و لێدانی ڕێگای تایبەتە بۆ گەندەکان .
لەمبارەوە ئەندازیار عەدنان خەلیل بەرێوەبەری رێگاو بانی گەرمیان لە لێدوانێکی میدیایی دا گوتی : “بەڕێوەبەرایەتی ڕێگاوبانی گەرمیان لە ساڵی 2020دا پێنچ پڕۆژەی ڕێگاوبانی هەبوو بۆ چەند گوندێك، كە سەرجەم ئەو پڕۆژانە تەواو بوون.”
خەلیل هاوکات ئاماژە بەوە دەکات “ڕێگای جووتسایدی كەلار- دەربەندیخان، قۆناغی یەكەمی تەواو بووە كە 41 كیلۆمەترە و 46%ی كارەكانی دەكات، 138 ملیار دیناریش تێچووی پڕۆژەكە بووە”.
هەروەها “پڕۆژەی ڕێگای جووتسایدی كەلار- كفری بە چوار قۆناغ تەواو دەكرێت، كە تاكو ئێستا سێ قۆناغی 100% تەواو بووە و دەكاتە ڕێژەی %88ی جێبەجێكردنی كۆی پڕۆژەكە، بوودجەی پڕۆژەكەش 45 ملیار دینارە.”
لە کۆتاییشدا زانیاری سەبارەت بە پرۆژەی ڕاگری دیواری سەرتەکی بەمۆ دەخاتەروو ، ئاماژە بەوە دەکات “پڕۆژەی ڕاگری دیواری ڕێگای سەرتەكی بەمۆ، 70%ی جێبەجێ كراوە، بوودجەكەیشی 250 ملیۆن دینارە.”