راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا دەستی لە كار كێشایەوە

خواكوڕٍك

دوای دەست بەكار بوونی بۆتەنها دوو هەفتە لە پۆستی راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەی ئەمریكا, مایكڵ فلین دەستی لە كار كێشایەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكاش لە جێگەی فلین، جۆزێف كێیس كێللۆگ، ژەنەراڵی خانەنشینكراوی دەستنیشان كرد بۆ راپەڕاندنی كارەكانی.

دەستلەكاركێشانەوەی فلین دوای ئاشكرابوونی كۆبوونەوەیەكی بوو لەگەڵ باڵیۆزی رووسیا لە واشنتن، كە تێیدا باسیان لە هەڵگرتنی سزاكانی سەر رووسیا كردبوو، بەڵام فلین رەتیدەكردەوە لە كۆبوونەوەكەدا ئەو پرسە باس كرابێت.

لە لێدوانێكدا فلین داوای لێبووردنی كرد لەوەی لەبارەی نێوەڕۆكی گفتوگۆكەی لەگەڵ باڵیۆزی رووسیا لە ئەمریكا زانیاری ناتەواوی بە مایك پێنس، جێگری سەرۆكی ئەمریكا داوە.

راشیگەیاند هەرچەندە ترەمپ و جێگرەكەی داوای لێبوردنەكەیان قبوڵكردووە، بەڵام هەر دەست لەكار دەكێشێتەوە و چی دیكە لەو پۆسەتەدا كار ناكات.

راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا یەكێك لە پۆستە هەرە گرنگەكانی كۆشكی سپییە و، سەرۆكی وڵات پێش دەركردنی بڕیاری زۆر گرنگ، بەتایبەت لە بواری سەربازی و سیاسییەوە راوێژی لەگەڵ دەكات.

ژیاننامەی مایكڵ فلین

– لە ساڵی 1958 لەدایك بووە.

– لە 1981 پەیوەندی بە سوپای ئەمریكاوە كردووە.

– لە 2004 بووەتە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە تایبەتییەكان.

– لە 2007 بووەتە فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریكا.

– لە 2009 بووەنە فەرماندەی هێزەكانی ئەمریكا لە ئەفغانستان.

– لە 2012 بووەتە بەڕێوەبەری ئاژانسی نیشتمانیی بەرگریی ئەمریكا.

– لە ئیدارەی ترەمپ پۆستی راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكای وەرگرت، بەڵام رۆژی سێشەممە 14-2-2017 دەستی لە كار كێشایەوە.

Back to top button