مەراڵ ئاکشەنەر له‌به‌رده‌م فراكسيۆنى پارته‌كه‌ى نه‌خشه‌ى كوردستانى گه‌وره‌ به‌رز ده‌كات و ده‌لێ بەگوێرەی بارزانی نیوەی میساقی میللی کوردستانە

مەراڵ ئاکشەنەر، سەرۆکی ئیی پارتی لەبارەی ئەو  پولەی نەخشەی کوردستانی گەورەی لەسەرە، رەجەب تەیب ئەردۆغانی تۆمەتبارکرد و بە “برای گیانی بەگیانی” سەرۆک بارزانی ناوی برد.
مەراڵ ئاکشەنەر لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا  لەبارەی سەردانەکەی پاپا فرانسیس و ئەو پولەی نەخشەی کوردستانی گەورەی لەسەرە قسەی کرد. ئاکشەنەر دوو تابلۆی بەرزکردەوە کە یەکێکیان پولەکە بوو و ئەوەی دیکەش نەخشەی کوردستانی گەورە بوو بە ناوی شارەکانەوە و گوتی: “هەفتەی رابردوو پاپا سەردانی باکووری عێراقی کرد. ئیدارەی بارزانیش پولێکی یادەوەریی بۆ پاپا چاپکرد. لە پولەکەدا لەسەر سەری پاپا نەخشەیەک هەیە کە گوایە نەخشەی کوردستانە. لەم نەخشەیەدا جگە لە باکووری عێراق، بەشێک لە باشووری رۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ و رۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ هەیە”.
ئاکشەنەر گوتەیەکی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا وەبیرهێنایەوە کە دژی ئەندامانی هەدەپە دەیگوت؛ ئەگەر کوردستانتان دەوێ لە عێراق هەیە و دەتوانن بڕۆن بۆ ئەوێ. لەمبارەیەوە ئاکشەنەر گوتی:”لەکاتی هەڵبژاردنی خۆجێیدا بەڕێز ئەردۆغان بە هاووڵاتیانی دەگوت کوردستان لە عێراقە و ئەگەر بەدڵت نییە دەفنبە و بڕۆ ئەوێ. لەمەوە تێدەگەین بەپێی برایەکی دیکەی گیانی بەگیانیی بەڕێز ئەردۆغان کوردستان ئەوێ نییە. واتا بەگوێرەی بارزانی کە ئەردۆغان لە دیاربەکر ئاهەنگی بۆ گێڕا، لەڕاستیدا رۆژهەڵاتی باشووری ئەنادۆڵ کوردستانە. ئیدی لەمەودوا هاوبەشی بچووک (باخچەلی) بەو پولە نامە بۆ هاورێکەی لە ئیمراڵی دەنێرێت”.
هاوکات ئاکشەنەر ئەوەشی وەبیرهێنایەوە کاتێک سەرۆک بارزانی لە تورکیا بە ئاڵای کوردستان پێشوازی لێکرا، هەروەها گوتی بەپێی بارزانی نیوەی میساقی میللی کوردستانە.
هاوکات ئاکشەنەر رایگەیاند لەکاتێکدا دەبوو بەرپرسانی حکومەت کاردانەوەی تووندیان بەرامبەر ئەو نەخشەیە هەبێت، بەڵام ئەردۆغان هیچ کاردانەوەیەکی وەهای لێ نەبینرا.
ئاکشەنەر ئاکپارتیی بەوە تۆمەتبار کرد کە لە سیاسەتی دەرەوەدا بە پێچاوپێچ (زیکزاک) دەڕوات.
لەبارەی ئەوەی چەند جارێک پارتەکەی بە بوونی پەیوەندی لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) تۆمەتبارکراوە، مەراڵ ئاکشەنەر گوتی:”گوایە ئیی پارتی لەگەڵ پەکەکە هاوئاهەنگی دەکات. کەسانێک ئەوەندە شیرازەیان شێوابێت، نەفرەت لەو دەنگدەرانە بکەن کە دەنگیان پێنەداون، هەڵبەتە ئەگەر پێشمان بڵێن تیرۆرست بە هەندی وەرناگرین”.
رۆژی چوارشەممە وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رەخنەی لەو پولە گرت کە لە کاتی هاتنی پاپافرانسیس بۆ شاری هەولێر نمایشکرا و داوای روونکردنەوەی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد.
جووتیار عادل، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند “ئەو دیزاینەی بۆ چاپکردنی پوول هەڵدەبژێردرێت لەسەر بنەمای یاسا و دەستوور دەبێت”.
گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند هونەرمەندان چەند دیزاینێکی پوولیان بۆ چاپکردن پێشکێش کردووە، بەڵام هێشتا هیچ دیزاینێک بۆ چاپکردنی پولەکە پەسند نەکراوە.
میساقی میللی چییە؟
دوای شکستی عوسمانییەکان لە جەنگی یەکەمی جیهانیدا، لە 30-11-1918 رێکەوتننامەی مودرۆس بۆ وەستاندنی شەڕ لەنێوان دەوڵەتی عوسمانی و دەوڵەتە هاوپەیمانەکاندا ئیمزا کرا. بەوپێیەش هێزە هاوپەیمانەکان دەستیان بەسەر زۆربەی ناوچە گرنگ و ستراتیژییەکانی دەوڵەتی عوسماندا گرت، لەوانە: ئیستەنبووڵ.. 16 رۆژی دوای رێککەوتننامەکە، بەریتانیا ویلایەتی مووسڵی داگیر کرد.
ئەم شکست و داگیرکارییە، بووە هۆی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکی زۆر لە ناوچە جیاوازەکانی تورکیای ئێستا. ژمارەیەک رێکخراوی بەرگری پێکهاتن کە بە “جەمعییەی مودافەعەی حقوق: کۆمەڵەی داکۆکی لە مافەکان” دەناسران.
مستەفا کەمال ئەتاتورک کە ئەوکات ئەفسەرێکی پلە بەرزی سوپای عوسمانی بوو، بە رەزامەندیی سوڵتان محەممەدی شەشەم خۆی گەیاندە ناوچەی ئانادۆڵ و باکووری کوردستان. پەیوەندیی بە ئەفسەرو کەسایەتییە خاوەن نفووز و دەسەڵاتەکانەوە کرد، دەستی بە راپەرین لە دژی هاوپەیمانان کرد و توانی سوپای یۆنان لە ناوچەکە دەربکات.
لە ئەیلوولی 1919دا، ئەتاتورک و هاوەڵەکانی کۆنگرەیەکیان لە شاری سیواز رێکخست. لەو کۆنگرەیەدا بنەما سەرەکییەکانی جووڵانەوەکە و بەرنامەی کارکردنی لە دەقێکدا داڕێژران کە بە “میساقی میللی” ناسراوە. ئەم پەیمانە سنوورەکانی تورکیای نوێ بەو هێڵە دەستنیشان دەکات کە لە رۆژی ئیمزاکردنی رێکەوتننامەی مودرۆسدا لە نێوان هێزەکانی دەوڵەتی عوسمانی و دەوڵەتانی هاوپەیماندا هەبووە. واتە باشوور و رۆژئاوای کوردستانیش بە بەشێکی دانەبڕاوی دەوڵەتی تورکیا دەزانێت.

 

س: رووداو

Back to top button