پەرلەمانی کوردستان:زۆر بە تووندی سەرکۆنەی ئهو هێرشە تیرۆریستییەی سەر هەولێر دەکەین
سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان له راگهيێنراوێكدا لهبارهى هێرشهكهى شهوى رابردووى سهر فرۆكهخانهى نێ,دهوڵهتيى ههولێر دهلێ :پەرلەمانی كوردستان زۆر بە تووندی ئەو هێرشە تیرۆریستییە سەرکۆنە و مەحکوم دەکات دهشلێت: دەبێت ئەو هێز و لایەنە تیرۆریستی و لە یاسا دەرچووانەی لە پشت ئەنجامدانییەوەن، لە زووترین کاتدا لەلایەن حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانان ئاشکرا بکرێن
دەقی راگەیێندراوەکەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان :…
پەرلەمانی كوردستان زۆر بە تووندی ئەو هێرشە تیرۆریستییە سەرکۆنە و مەحکوم دەکات کە لە رێگەی فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانەوە شەوی 14ی 4ی 2021 کرایە سەر بنکەیەکی هێزەکانی هاوپەیمانان لەناو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر. ئەم هێرشە تیرۆریستییە کە بۆ جاری سییەمە لە ماوەی 7 مانگی رابردوودا، پێشهاتێکی جێگەی نیگەرانی و تووڕەیی گەلی کوردستانە و ئەو هێز و لایەنە تیرۆریستی و لە یاسا دەرچووانەی لە پشت ئەنجامدانییەوەن، دەبێت لە زووترین کاتتدا لەلایەن حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانان ئاشکرا بکرێن و میکانیزمێکی گونجاو بدۆزرێتەوە بۆ دوورخستنەوەی سەرچاوەی ئەم هێرشە تیرۆریستیانە و هەوڵدانی جیدی بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی لە ئایندەدا.
لیژنە تایبەتمەندەکانی پەرلەمان رادەسپێرین کە لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار لە پەیوەندی بەردەوامدا بن بۆ بەدواداچوونی هەوڵەکانی ئاشکراکردنی ئەو لایەنە تیرۆریستییەی کە لە پشت ئەنجامدانی ئەو هێرشەوە بوون.
ئەنجامدانی ئەم کردەوە تیرۆریستییە لە رۆژی 14ی 4 کە 33یەمین ساڵڕۆژی کۆمەڵکوژی ئەنفالی گەلی کوردستانە، ئەو راستییە بۆ گەلەکەمان دووپاتدەکاتەوە، کە هەڕەشە و مەترسییەکان لەسەر قەوارەی هەرێمی کوردستان و ئاشتی و سەقامگیری هەرێمی کوردستان بەردەوامە و دەبێت لە بەرامبەریشدا گەلەکەمان و لایەنەکان، یەکڕیزتر و تەباتربن تاوەکو پێکەوە رووبەڕووی سەرجەم ئاستەنگ و هەڕەشەکان ببینەوە.
ئیرادەی گەلی كوردستان بۆ پێشکەوتن و پێکەوەژیان و سەقامگیری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان زۆر لەوە بەهێزترە بەم کردەوە تیرۆریستییە ترسنۆکانە لەق ببێت.
سەرۆکایەتیی پەرلەمانی كوردستان
15-04-2021