وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی عێراق راگه‌یێندراوێكی هاوبه‌شیان بڵاوكرده‌وه‌

له‌ به‌یاننامه‌یه‌كی هاوبه‌شدا هه‌ردوو وه‌زاره‌ته‌كانی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی فیدراڵ په‌لاماره‌‌ تیرۆریستییه‌كانی سه‌ر شاری هه‌ولێریان ئیدانه‌ كرد و جه‌ختیانكرده‌وه‌، كه‌ ئامانجی ئه‌و كرده‌وانه‌ له‌باربردنی ئاسایش و ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی ناوچه‌كه‌ و ئه‌و پێشكه‌وتانه‌یه‌ له‌ نێوان حكومه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی ئیتیحادی هاتوونه‌ته‌ ئاراوه‌.

له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه‌: ئه‌و ده‌ستدرێژییه‌ مه‌ترسیداره‌ كه‌ به‌م دوایانه‌ دژی هه‌ولێر و ناوچه‌كانی دیكه‌ كران، ده‌چنه‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستدرێژیكاری تیرۆریستی رێكخراو، كه‌  ئاسایش و سه‌قامگیری عێراق و له‌ ناویشیدا ئاسایشی هه‌رێمی كوردستانی كردووه‌ته‌ ئامانج و هه‌وڵدانه‌ بۆ له‌باربردنی ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی و چاندنی تۆوی دووبه‌ره‌كی و تێكه‌ڵكردنی كارته‌كان.

هه‌روه‌ها هاتووه‌: ئێمه‌ له‌ كاتێكدا ئیدانه‌ی ئه‌و كرده‌وه‌ تاوانكارییه‌ ده‌كه‌ین، جه‌خت ده‌كه‌ینه‌وه‌ ئه‌و ده‌ستدرێژییانه‌ هه‌وڵێكی مایه‌پووچن بۆ زیان گه‌یاندن به‌و پێشكه‌وتنه‌ ئه‌رێنیانه‌ی له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی ئیتیحادی هاتوونه‌ته‌ ئاراوه‌. به‌ تایبه‌تی له‌ رووی هه‌ماهه‌نگی ئه‌منی ئاست به‌رزی نێوان هه‌ردوولا.

له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا روونیشكراوه‌ته‌وه‌، ئه‌و هه‌مانگی و هاوكاری و یه‌كتر ته‌واوكارییه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی ئاسایش و سه‌لامه‌تی هاووڵاتیان و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌و هه‌وڵانه‌ی ده‌درێن بۆ نانه‌وه‌ی پشێوی و له‌باربردنی سه‌قامگیری ئه‌منی.

هه‌ردوو وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی ئیتیحادی جه‌ختیان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌، ده‌سته‌به‌ركردنی ئاسایشی عێراق له‌ هه‌مبه‌ر ئه‌و جۆره‌ ده‌ستدرێژیانه‌ به‌رپرسیارێتییه‌كه‌ی ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆی حكومه‌تی ئیتیحادی و ئه‌و دامه‌زراوه‌ ره‌سمیانه‌ی نوێنه‌رایه‌تی ده‌كه‌ن و له‌ ناویشیاندا هێزه‌ ئه‌منییه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستاندا.

له‌ كۆتایی به‌یاننامه‌كه‌شدا هاتووه‌: تیمی لێكۆڵه‌ر ده‌ستیان به‌ كاره‌كانیان كردووه‌ و ئه‌ركیان به‌ پێی ئه‌و فه‌رمانه‌ی فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌ چه‌كداره‌كان ده‌ریكردووه‌، ئاشكراكردنی هه‌موو ئه‌و كه‌س و لایه‌نانه‌یه‌ تێوه‌گلاون له‌و په‌لامارانه‌ و په‌لكێشكردنیانه‌ بۆ به‌رده‌م دادگا.

Back to top button