باڵیۆزی توركیا سڵاوی سەرۆككۆماری توركیای بە سەرۆك بارزانی گەیاند

ڕۆژی یەكشەممە ١٨ـی نیسانی ٢٠٢١ لە سەلاحەددین سەرۆك بارزانی پێشوازی لە فاتیح یەڵدز باڵیۆزی توركیا لە عێراق كرد.
لە دیدارەكەدا كە باڵیۆزی توركیا لە عێراق بە مەبەستی ماڵئاوایی و كۆتاییهاتنی ئەركەكانی لە عێراق سەردانی سەرۆك بارزانی كردبوو، باڵیۆزی توركیا سڵاوی سەرۆككۆماری توركیای بە سەرۆك بارزانی گەیاند و هەورەها ئیدانەی هێرشەكانی سەر هەرێمی كوردستان و فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێری كرد.
هەر لەو دیدارەدا كە هاكان كاراچای كونسوڵی گشتیی توركیا لە هەولێریش ئامادەی بوو، جەخت لە پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا كرایەوە و هەردوولاش لەسەر ئەوە هاوڕا بوون كە لەپێناو مسۆگەربوونی سەقامگیریی و گەڕانەوەی ئاوارەكان پێویستە ڕێككەوتننامەی نێوان حكوومەتی فیدڕاڵی عێراق و حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئاساییكردنەوەی بارودۆخی شنگال جێبەجێ بكرێت.
Back to top button