پارتی: لە سنووری ماددەی 140 رێگریی زۆر لە بەربژێرەکانمان دەکرێت

ئەندامێکی دەزگای هەڵبژاردنی پارتیی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیێنێت کە لە سنووری ماددەی 140ـدا رێگریی زۆر لە بەربژێرەکانیان دەکرێت و وەک پێویست ناتوانن هەڵمەتی هەڵبژاردن ساز بکەن.
 
هاوار محەممەد، ئەندامی مەکتەبی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان رايگەیاند: “ئێمە لە هەوڵی ئەوەداین کە بەربژێرەکانمان بتوانن لە سنووری ماددەی 140ـدا بە ئازادانە هەڵمەتی هەڵبژاردن بکەن. تا ئێستا رێگریی زۆر لە بەربژێرەکانمان دەکرێت و وەکو پێویست ناتوانن لە کەرکووک، پارێزگای نەینەوا، دیالە و سەلاحەدین هەڵمەتەکەیان سازبکەن.”
ئەو ئەندامی مەکتەبی هەڵبژاردنی پارتی ئاماژەی بەوە دا، زۆربەی بەربژێرەکانمان پێویستیان بەوەیە کە رێگەپێدانی ئەمنی وەربگرن کە ئەوەیش لەگەڵ بنەما دیموکراسییەکان و یاسای هەڵبژاردندا کۆک نییە. ئەو رێگرییەیش لەلایەن دەسەڵاتە ئەمنییەکانی ئەو ناوچانەوەیە، وەکو حەشدی شەعبی و دەزگا ئەمنییەکانی عێراق. بە تایبەتی لە کەرکووک و نەینەوا کێشەی زۆرمان هەیە.
بانگەشەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق رۆژی 2021/07/08 دەستیپێکرد و، کاژێر 07:00ـی بەیانیی رۆژی 2021/10/07 رادەگیرێت.
هاوار محەممەد گوتی: “تاوەکو ئێستا پارتیی دیموکراتی کوردستان وادەیەکی فەرمیی بۆ دەستپێکردنی هەڵمەتی هەڵبژاردن دیاری نەکردووە. ئەوەیش بەهۆی ئەوەیە کە ماوەکەی زۆر درێژە و تاکە هەڵبژاردنە کە سێ مانگی بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردن هەبێت. ستراتیژی پارتییش ئەوەیە بە کەمترین ماوە هەڵمەتی هەڵبژاردن بکات بۆ ئەوەی خەڵك ماندوو و بێزار نەکات. بەڵام بەربژێرەکانمان وەک تاکەکەس لای خۆیانەوە بەرنامەکانیان بڵاوکردووەتەوە. بە پێشبینیی من، لەوانەیە پارتی لە 16ی ئابدا دەست بە هەڵمەتی هەڵبژاردن سازبکات.”

 

س: رووداو

Back to top button