د.كهمال كهركووكى: پارتی سەربەزانە و لەژێر ئاڵای کوردستاندا دەگەڕێتەوە شاری کەرکووک و ناوچەکانی تر
دکتۆر کەمال کەرکووکیی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک-گەرمیانی پارتی ديموكراتى كوردستان له ويبينارێكدا باسى له بارودۆخی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و یاسای نوێی هەڵبژاردنەکانی عێراق كرد.
دکتۆر کەمال کەرکووکی سهرهتا باسی پوختەیەکی مێژووی قوربانی و نەهامەتییەکانی خەڵکی شاری کەرکووک و پڕۆسەکانی تەعریبکردن و ڕاگواستنی زۆرەملێی کورد لەو شارە کرد و ئاماژەی بەوە دا کە لە سەردەمی ڕژێمی پێشوووە تا ئێستاش زیاتر لە ملیۆنێك و ٢٠٠ هەزار دۆنم زەوی لە کورد و تورکمان زەوت کراون و تەعریب کراون و تا ئێستاش نەگەڕێندراونەتەوە بۆ خاوەنەکانیان.
سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک – گەرمیان باسی لە ڕیفراندۆمی کوردستان کرد و دەرئەنجامەکەی بە بەڵگەنامەیەکی مێژوویی و فەرمی وەسف کرد و گوتی: “کورد بە یەکڕیزی و یەکدەنگییەوە بەشدارییان لەو ڕیفراندۆمە مێژووییەدا کرد و بە هەموو جیهانیان گوت کەوا ئەوان بەدوای ئازادی و سەربەخۆیییەوەن. لە ڕیفراندۆمدا کوردستانیەتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بۆ هەموو لایەك ڕوون بووەوە.
دکتۆر کەمال کەرکووکی هەروەها گوتی: “ئەگەر خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر نەبووایە، ئێستا وتوێژی سەربەخۆیی و بوون بە دەوڵەتمان لەگەڵ حکوومەتی عێراقدا دەکرد.”
گوتیشی: “ئەگەر قارەمانیەتیی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان و داستانە مەزنەکانیان لە پردێ و سحێلا نەبووایە، ئێستا هەموو هەرێمی کوردستان کەوتبووە ژێر دەستی حەشدی شەعبی.”
لە درێژەی قسەکانیدا دکتۆر کەمال کەرکووکی جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کەوا پارتی دیموکراتی کوردستان سەربەزانە و لەژێر ئاڵای کوردستاندا دەگەڕێتەوە شاری کەرکووک و ناوچەکانی تر و گوتیشی، لەو سۆنگۆیەشەوە پارتیمان بەردەوام دەبێت لە گفتوگۆ لەگەڵ حکوومەتی فیدڕاڵ و نەتەوە یەکگرتووەکان و هاوپەیمانان بۆ ئەوەی بەپێی دەستووری عێراق پرسی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم چارەسەر بکرێت و هێزەکانی پێشمەرگە بگەڕێنەوە شوێنەکانی خۆیان، هاوکات خەڵکی ئاوارە و دەربەدەری کەرکووک و ناوچەکانی تر سەربەرزانە بگەڕێنەوە سەر زێدی باب و باپیرانیان.
گوتیشی: “ئێمە دەست هەڵناگرین لە کەرکووک و ناوچە دابڕێندراوەکان و پێویستە دۆخی ئەو ناوچانە بگەڕێندرێنەوە بۆ دۆخی سرووشتیی خۆیان لەسەر بنەمای پێکەوەژیان و بۆ ناسنامە کوردستانییەکەیان، چونکە ماددەی ١٤٠ تەنها بۆ ئیدارەدانی شارەکەیە نەک بۆ خاکەکەی.”
هەروەها ئاماژەی بەوە دا کەوا پارتی دیموکراتی کوردستان ژمارەیەك مەرجی هەیە بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شاری کەرکووک کە بریتین لە دوورخستنەوەی هێزە سەربازی و میلیشیایییەکان لەناو شاری کەرکووک و گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ دەوروبەری شار بۆ پاراستنی لە هەر هەڕەشەیەك، تەسلیمکردنی دۆسیەی ئەمنیی ناوشار بۆ پۆلیسی شارەکە کە لە پێکهاتە جیاکان پێک دێت، گەڕانەوەی پارتی بۆ بارەگاکانی خۆی بە شێوەیەکی ئازاد و بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان، و گەڕاندنەوەی پۆستە ئیدارییەکانی کورد و دەستنیشانکردنی پارێزگارێکی نوێی کورد بۆ شارەکە.
دکتۆر کەمال کەرکووکی هەروەها گوتی، ڕاکان جبووری، پارێزگارێکی ناشەرعیی کەرکووکە و بە شێوەیەکی شۆڤێنیانە مامەڵە لەگەڵ کوردی ئەو شارە دەکات. ئەم مامەڵەکردنەشی بە بەرنامەیە و پشتگیریی ناوەخۆ و دەرەکی و بە مەبەستی تێکدانی دیموگرافیای ئەو شارە دەکات، ئەو بابەتە بووەتە کێشەیەکی سیاسی.
گوتیشی: “ڕاکان جبووری زۆر جار داوای کردووە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان دابنیشێت و کارمان لەگەڵدا بکات، بەڵام ئێمە داواکەیمان ڕەت کردووەتەوە. ئێمە ئامادە نین گفتوگۆ لەسەر هیچ بابەتێك بکەین بەر لە ئاساییکردنەوە بارودۆخی کەرکووک. پارتی دیموکراتی کوردستان خاوەنی ئەو قەزیەیە و دەستبەرداری نابێت تا چارەسەر دەکرێت. جبووری دەبێت دادگایی بکرێت لەسەر ئەو گەندەڵکارییانەی کردوونی.”
سەبارەت بە یاسای نوێی هەڵبژاردن لە عێراق، دکتۆر کەمال کەرکووکی ئەو یاسایەی بە نادادپەروەر و ناکۆك لەگەڵ دەستووری هەمیشەییی عێراق وەسف کرد. ئاماژەیشی بەوە دا کەوا ئەو یاسایە وەك ئەوە وایە کە لە دژی کورد لە شاری کەرکووک دانرابێت، چونکە جیاوازییەکی گەورە دەبینرێت لە ژمارەی دەنگ بۆ یەك کورسی لە ناوچە کوردنشینەکان بە بەراورد لەگەڵ ناوچە عەرەبنشینەکان. ئاماژەی بە تێبینییەکانی خۆیشی دا دەربارەی جۆری ئەو بەڵگەنامانەی کە لە کاتی دەنگداندا بەکار دێن کە ئەگەری تەزویرکردن و چەند جار دەنگدان ئاسانتر دەکات.
گوتیشی، ئاستەنگی زۆر لە بەردەم سازدانی هەڵبژاردنەکان لە مانگی ئۆکتۆبەردا هەیە و پێ ناچێت بەڕێوە بچێت، بەڵام هاوکات پارتیمان بە هەموو شێوازێك خۆی بۆ ئەو هەڵبژاردنانە ئامادە دەکات.
س: KDP.INFO