پلاسخارت: يەکڕیزی لایەنەکان هەرێمی کوردستان بەهێزده‌کات

نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق له‌باره‌ى هه‌رێمى كوردستان ده‌لێ: يەکڕیزی لایەنەکان دەتوانێت هەرێمی کوردستان بەهێزتر بکات، کاتێک یەکڕیزی نەبێت پێچەوانەکەی دەبێت، ده‌شلێ:نەتەوە یەکگرتووەکان بەردەوام پاڵپشتی هەرێمی کوردستان دەکات، بەڵام کلیلەکان لە دەستی ئێوەدان”.

 

جێنین پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق رايگه‌ياند: “قوربانی زۆردراوە تا هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە ئەم قۆناغە، بەڵام وەک هەر شوێنێکی دیکە ئازادییەکان بە ئاسانی بە دەست نایەن،و یەکڕیزی کلیلی سەرکەوتنە”.

لە میانی بەشداریکردن لە کۆنفرانسی یەکڕیزی و دەستوور لە هەولێر دەستیپێکرد پلاسخارت گوتیشی: “لە عێراق بە گشتی هەموو دەستکەوتێک بە یەکڕیزی لایەنەکان بەدەست دێت، ئەو دابەشکارییەی ئێستا هەیە دەبێ سازانی نیشتمانی لەسەر بکرێت. هەرێمی کوردستان ئێستا زۆر جیاوازە، ماڵێکە زمان و ئایینی جیاوازی تێدایە، بۆیە مامەڵەی تایبەتی لەگەڵ دەکرێت، کاتێک پاپا فرانسیس هاتە هەرێمی کوردستان بە چاوی خۆی ئەمەی بینی، کە ئەمە یەکێکە لە خاڵە گرنگەکان، ئەو جیاوازییە رێگەخۆشکەرە بۆ بەرەو پێشوەچوونی زیاتری هەرێمی کوردستان، دەبێ پارێزگاری لێبکرێت”.

پلاسخارت، راشیگەیاند: “یەکڕیزی لایەنەکان دەتوانێت هەرێمی کوردستان بەهێزتر بکات، کاتێک یەکڕیزی نەبێت پێچەوانەکەی دەبێت، هەرێمی کوردستانێکی بەهێز، عێراق بەهێز دەکات نەک هەر لەسەر ئاستی ناوخۆ، بەڵکو لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش”.

نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەوەشی خستەڕوو: “بەبێ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و یەکڕیزی هیچ شتێک نایەتەدی، دەبێ یەکڕیزی لەناو هێزی پێشمەرگە هەبێت، نابێ چیتر هەرێمی کوردستان بەسەر دوو زۆن دابەشبکرێت، دەبێ سازانی نیشتمانی هەبێت، بۆ سەقامگیری سیاسی لە هەرێمی کوردستان”.

پلاسخارت، جەختیکردەوە: “هەرێمی کوردستان بژاردەیەکی لەبەردەستە، ئەویش یەکڕیزیی و پاراستنی ئازادییەکانە، ریفۆرمە ئابووری و ئەمنییەکان بەردەوام بن و گفتوگۆی جددی دەستپێبکەن، بەم جۆرە دەتوانین بڵێن کاری گەورە دەکرێت. لە ماوەی رابردوودا گفتوگۆی زۆر لەبارەی دەستووری هەرێمی کوردستان کراوە، چەندین جار هەوڵی بۆ دراوە، بەڵام بەهۆی کەمی پەیوەندیی و گفتوگۆ، نەتوانراوە هەرێمی کوردستان ببێتە خاوەن دەستوور، نووسینەوەی دەستوور هەلێکی باشە بۆ ژیانی هەموو پێکهاتەکان و دڵنیایی بۆ خەڵک دروست دەکات، بۆیە ئەگەر دەستوور بنووسنەوە، ئێستا دەستی پێبکەن، سەرکردایەتی سیاسی رەنگدانەوەی مافەکانی خەڵکە، دەستوور دەتوانێ یەکلاکەرەوەبێت کاتێک وڵات دەگاتە بنبەست، نابێ هیچ پێشمەرجێک بۆ دەستپێکردنەوەی نووسینەوەی دەستوور هەبێت، دەبێ خەڵک هەستبکات کە سەرکردایەتی سیاسی خزمەتی ئەوان دەکات، دەبێ ئەم متمانەیە دروستبێت”.

له‌ كۆتايى قسه‌كانيدا پلاسخارت گوتى: “لە کۆتاییدا رێگەم بدەن با جارێکی دیکە جەخت لەسەر گرینگیی ئەو دەسکەوتانە بکەمەوە کە لە سەدەکانی رابردوودا لەلایەن خەڵکی کوردستانەوە بەدەست هاتوون. پرسیارەکە ئەوەیە کە ئایە چۆن ئەم دەسکەوتانە درێژە و پەرە پێ بدەین؟ لەکاتێکدا کە نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ ئێوەدایە، ئەوەش گرینگە کە پێش هەموو شتێک ئەوە بزانن کە هەر هەمووتان لەم پرسە بەیەکەوەن. یەکڕیزی وێڕای جیاوازییەکان کلیلی بەردەستتانە.”.

Back to top button