نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان وەڵامی کۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەنووسان دەداتەوە

لە بەیاننامەیەکدا، نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەڵامی کۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەنووسان (CPJ) دەداتەوە و ده‌لێ :” ئومێد حاجی لەلایەن دادگای دهۆک لەسەر بنەمای ماددەی 2ـی یاسای ژمارە 6ـی ساڵی 2008 (خراپ بەکارهێنانی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان) و ماددەی 240ـی یاسای سزادانی عێراق، سزا دراوە.

نووسینگەکە له‌به‌شێكى ترى به‌ياننامه‌كه‌يدا ده‌شلێ:” ئومێد حاجی،هەفتانە پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ خێزانەکەیدا هەبووە و دەستی گەیشتووە بە ڕاوێژی یاسایی “.

دەقی بەیاننامەکەی نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان:

بەیاننامەیەک لەلایەن نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم

٢٨/٦/٢٠٢١

لە وەڵامی کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان (CPJ)

دادگای کەتنی دهۆک لە ٢٢ی حوزەیرانی ٢٠٢١دا سزای ساڵێک زیندانی و پێبژاردنی ٢٤٠,٠٠٠ دیناری عێراقی بەسەر بەڕێز ئومید حاجی سەپاند. کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەوانان (CPJ) چەند تێبینیەکی لەم بارەیەوە خستۆتەڕوو.

سەبارەت بە حوکمی زیندانیکردنەکە بەڕێز ئومید حاجی، هاوتەریب لەگەڵ دوو دادنووسی جیاواز، لەسەر بنەمای پێشێلکردنی ماددەی ٢ لە یاسای ژمارە ( ٦ ) ساڵی ٢٠٠٨ی (خراپ بەکارهێنانی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان) دادگایی کراوە.

هەروەها، لەسەر بنەمای داوایەکی یاسایی تر، بەپێی ماددەی ٢٤٠ لە یاسای سزادانی عێراق هەموارکراو بە پێبژاردن سزادرا.

لە ڕووی یاساییەوە، پێشێلکارییەکانی کەسی ناوبراو هیچ پەیوەندی بە کاری ڕۆژنامەوانییەوە نیە. بەڕێز ئومێد حاجی لە سەندیکای ڕۆژنامەنووسان تۆمارنەکراوە، و خۆشی لە کاتی لێکۆڵینەوە و لە دانیشتنی دادگا ئاماژەی بەوە نەداوە کە ڕۆژنامەنووسە.

بەڕێز ئومێد بە درێژایی ڕێکاری یاسایی و لە دادگادا لە لایەن پارێزەرەکانی خۆیەوە نوێنەرایەتی کراوە. لە کاتی ڕاگرتنیدا، هەفتانە پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ خێزانەکەیدا هەبووە، هەروەها دەستی گەیشتووە بە ڕاوێژی یاسایی، بەدەر لەوەی سەردانەکان سنووردارکراوە بەهۆی پەتای کۆڕۆناوە.

بە گوێرەی راپۆرتەکان پارێزەرانی کەسی ناوبراو تانە لە بڕیارەکەی دادگا دەدەن، بۆیە ئەو دۆسیەیە دەبردریتە دادگای پێداچوونەوە.

حکومەتی هەرێمی کوردستان تەواو پابەندە بە حوکمی یاسا و بە پرۆسەی یاسایی دادپەروەرانە و بێلایەن . حکومەتی هەرێمی کوردستان جەخت لەوە دەکاتەوە کە دابەشبوونێکی یاسایی لەنێوان دەسەڵاتی دادوەری و دەسەڵاتی جێبەجێکردندا هەیە.

حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕێز لە سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری دەگرێت، پابەند بێت بە سیستەمی دابەشکردنی دەسەڵاتەکان، و ناتوانێت دەست وەربدات لە پرۆسەی دادوەریدا.

Back to top button