پهرلهمانتارێكى گۆڕان: ئەو زەوییانەی لە سلێمانی بە نایاسایی فرۆشراون، گرفتیان بۆ هەزاران كەس دروست كردووە

ئەندامێكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان ئاشكرای كرد، كەسانێك لە سلێمانی كۆگای نایاسایی بە بڕی (٥٠) هەزار دۆلار دروست دەكەن و بە (٤٠٠) هەزار دۆلار دەیفرۆشنەوە.
عەلی حەمەساڵح، ئهمرۆ دووشهممه 30-8-2021،لە نووسینێكدا بە ناونیشانی (سلێمانی چی بەسەر ھاتووە!) رايگهياند:” ماوەیەكی زۆرە بەدواداچوون بۆ دۆسیەی زەوییەكانی سلێمانی دەكات و بۆ ئەم مەبەستەش لەگەڵ سەرۆکی شارەوانیی سلێمانی كۆ بووەتەوە.
ئهو پهرلهمانتارهى گۆڕان دهشلێ: ”داگیرکردن و ھەڵسوکەت پێکردن و تەخشان و پەخشانکردن و فرۆشتنی نزیکەی (٤٥) ھەزار پارچە زەویی نایاسایی لە لایەن دژە تیرۆر و بە ناوی فەرماندەیی پێشمەرگە، ئێستا قەلەقی و گرفتی بۆ ھەزاران هاووڵاتی دروست كردووە کە کڕیویانە، جگە لە تێوەگلانی بەڕێوبەری ناحیە و چەند بەرپرسێکی دیکە“.
ئەو پەرلەمانتارە باسی چەند جۆرێك گەندەڵیی دیاری كردووە لە بواری زەویوزار لە سلێمانی كە ئەمانەن:گەندەڵی گەورە لە زەوی ئەو گوندانەی ھاتونەتە نێو سنوری شارەوانی و، ھەبوونی فەرمانگەی زەوی و زار لەنێو فەرماندەیی ھێزەکانی ٧٠، کە ھەڵسوکەت بەزەوی دەکەن و شارەوانی لێی ئاگادار نیە ههروهها دروستکردنی سەدان مەخزەن بەبێ مۆڵەت و. دروستکردنی ١٨ پرۆژەی مەخزەن بە مۆڵەتی وەبەرھێنان و (١٠ پرۆژەی مەخزەن) ی دیکەش بەڕێوەیە! مەخزەنێک دروستبکەن بە (٥٠ ھەزار دۆلار) پێنج دەفتەر و بیدەن بە (٤٠٠ ھەزار دۆلار) چل دەفتەر .
عەلی حەمەساڵح ئاشكرای كردووە كە پرۆژەیەکیان ئامادە كردووە تاوەكوو حكوومەت خۆی ئەم كارە بكات و نزیکەی ٢٠٠ملیۆن دۆلار داھات بۆ شارەوانیی سلێمانی دابین بكرێت لەم ڕێگەیەوە“.
لهكۆتايى نووسينهكهشى عهلى حهمه ساڵح نووسيوويهتى:” رێگری لە پێدانی پرۆژە لەسەر شەقامی (١٠٠) مەتریی سلێمانی بكرێت تاوەکوو ئەو کاتەی ماستەرپلانێکی شایستە لە لایەن حکوومەتەوە دروست دەكرێ و سەوزایی و خزمەتگوزارییەکان جێگیر دەکرێن.