فازڵ میرانی: کەسانێک بە دژایەتیکردنی پارتی دەیانەوێت دەنگ کۆ بکەنەوە
ئەمڕۆ دووشەممە 20/9/2021 فازڵ میرانی سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پرێس کۆنفرانسێکدا تیشکی خستە سەر پرسی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق و جەختی کردەوە پۆستی سەرۆک کۆماری لە عێراق پشکی کوردە و گوتیشی ئێستا پارتی لە کوردستان و عێراقیش پارسەنگی هێزە.
سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی پۆستی سەرۆک کۆماریی عێراق گوتی: “پۆستی سەرۆک کۆمار پشکی کوردە و کورد لەناو خۆیاندا لەسەر کاندیدێک ڕێک دەکەون لەسەر پۆستی سەرۆک کۆماری، شیعەکان لەناو خۆیاندا لەسەر پۆستی سەرۆک وەزیران ڕێک دەکەون، هاوکات سوننەکانیش لەناو خۆیاندا لەسەر پۆست سسەرۆکی پەرلەمان ڕێک دەکەون و هیوادارم ئەم ڕێککەوتنە لەسەر پۆست و کاندیدەکان نەبێتە هۆی ئەوەی حکوومەت ببێتە کاربەڕێکەر و ماوەیەکی زۆر لەسەر حوکم بمێنێتەوە، چونکە عێراق لە دۆخێکی ناسەقامگیردا بەسەر دەبات و جەختی کردەوە و ئێستاش قسەی ئێمە ئەوەیە، کە هەر کەسێک سەرۆک کۆمار بێت دەبێ ڕەچاوی بەرژەوەندییەکانی کورد بکات لە عێراق و هەڵوێستی هەبێت لەسەر تەواوی پێشهات و ڕووداوەکان”.
لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا کە پێگەی پارتی لەم هەڵبژاردنەدا لە ناوچە عەرەبەکان، فازڵ میرانی ڕایگەیاند: “ئێمە لەناو بەشێک لە هۆزە عەرەبەکاندا بەهێزین و ئێمە کاندیدمان لە بەغدا و فەلووجە و ئەنبار هەیە و خەڵکی عەشایری ئەو ناوچانەن و دەرچووی زانکۆ و خاوەن بڕوانامەی باڵان، کە ئەمە بەڕای من شێوەی بریکردنەوەی پارتییە لە پرسە سیاسییەکانی ئێستای عێراق و بزووتنەوەی کوردستاندا و قووڵایی ستراتیژیی ئێستای عێراق بۆ ئێمە پێویستە، لایەنی دووەمیش لێکگرێدانەوەی ئەو پردەیە کە بەشێک لە هێزە عەرەبییەکان لەگەڵ ئەوەی ئێستا لە کوردستان دەیانەوێ بە داژیەتیی پارتی دەنگ بۆخۆیان کۆ بکەنەوە، کە بەڕای من ڕوانگەیەکی هەڵەیە، چونکە خەڵکی کوردستان خەڵێکی شارەزایە، جا ئێستا یەکگرتوو بێت، کۆمەڵ و گۆڕان و شیوعی بێت، چونکە ئەوان بیر دەکەنەوە و مێژوو و جوگرافیای پارتی دەزانن”.
جەختیشی کردەوە: “پاشتر وایە ئەو لایەنانە وا هەڵسوکەوت بکەن و بڵێن ئێمە دەمانەوێ لەگەڵ پارتی هاوپەیمان بین بۆ ئەوەی ئەم وڵاتە ئاسایش و ئەمنی تێدا بێت و بۆ ئەوەی حکوومەتێکی بەهێز و هەمەلایەنە و خزمەتگوزار پێک بهێنین و لێک نەترازین”.
سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: “کورد لە بەغدا مامەڵە لەگەڵ عەقڵی سیاسیی عیراقی دەکات، هەتا ئەو قەقڵیەتە کراوەتر بێ کورد، هاوکار ترە، بەپێچەوانەوە کورد پێداگرترە لە پرسە نەتەوەییەکان”
سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەوەشی خستە روو: “ئەمجارە پارتی دیموکراتی کوردستان ئارامتر لە جارانی ڕابردوو بانگەشەی هەڵبژاردن دەکات ئەویش ئەو ڕێگا نەرمەیە کە هەمیشە پارتی پێ ناسراوەتەوە و کاندیدەکانی پارتی ڕاهێنراون و ئامادە کراون بۆ ئەو ڕاستییەی لە بەغدا هەیە، چونکە ئێستا پارتی پارسەنگی هێزە لە کوردستان و عیراقیش، حزبێکی جێگیرە لە عیراق و یەکەم دەنگی لەسەر ئاستی عیراق هێناوە، بۆیە پارتی بە چاوی ستراتیژییەوە لە داهاتووی عیراق دەڕوانێت”.
فازڵ میرانی گوتیشی: “پارتی کەرکووکی جێ نەهێشتووە تا بگەڕێتەوە، بەڵکوو بارەگاکانمان لەلایەن هێزە عیراقییەکان داخراون. و ئەوە ئەقڵی ئێستای بەڕێوەبردنی عیراقە وا دەزانێ بە داخستنی بارەگاکانمان لاواز دەبین. ئەگەر ئەو عەقڵیەتە نەگۆڕێ، عێراق ئارام نابێت”.