له سلێمانى تهواوى حيزبێك بڕيارياندا دهنگ به كانديدانى پارتى بدهن
رۆژ لە دوای رۆژ پشتیوانیی جەماوەری لە شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان بۆ كاندیدانی پارتی زیاتر دەبێت، گوتەبێژی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی لە سلێمانی و هەڵەبجەش ئاشكرای دەكات، لە سنووری پارێزگای سلێمانی تەواوی ئەندامانی پارتی دیموكراتی بۆ دیموكراسی و دادگەری، پشتیوانیی خۆیان بۆ كاندیدانی پارتی دەربڕی و بڕیارە لە سنووری پارێزگای سلێمانی دەنگ بە كاندیدانی پارتی بدەن.
فارس نەوڕۆڵی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی لە سلێمانی و هەڵەبجە، لە لێدوانێكی تایبەتدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاندووه: “تەواوی ئەندامانی حیزبی پارتی دیموكراتی بۆ دیموكراسی و دادگەری لە پارێزگای سلێمانی، بە كۆی رێكخستنەكانیانەوە، پشتیوانیی خۆیان بۆ پارتی ڕاگەیاند و، بەڵێنیان دا كە پاڵپشتی كاندیدەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان بكەن و دەنگیان پێ بدەن”.
نەوڕۆڵی گوتیشی: “ئەو حیزبە لە تەواوی شار و شارۆچكەكان رێكخستنی خۆیان هەیە، ئەمەش گرنگە بۆ ئێمە، لەگەڵ ئەوەشدا خەڵكی نیشتیمانپەروەر و ڕۆشنبیر، ئەوانەی ستراتیژی قەومییان هەیە و لە دەرەوەی پارتیشدان، بڕیاریان داوە دەنگ بە كاندیدانی پارتی بدەن”.
گوتەبێژی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی لە سلێمانی و هەڵەبجە، راشیگەیاند: “لە سنووری سلێمانیش بە شێوەیەكی باش بانگەشەی هەڵبژاردن لەلایەن كاندیدانی پارتییەوە بەڕێوە دەچێت و باوەڕمان وایە كاندیدانی ئێمەش لەم سنوورە بۆ پەرلەمانی عێراق دەردەچن.”