له‌یادی راپه‌ڕیندا حكومه‌تی هه‌رێم راگه‌یانراوێكی بڵاوكرده‌وه‌

خواكوڕك

حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، دواى 26 ساڵ له‌ ڕاپه‌ڕین، پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كان و گه‌لى كوردستان به‌گشتى بۆ پاراستنى ده‌سكه‌وته‌كانى ڕاپه‌ڕین و بنیاتنانى ئاینده‌یه‌كى باشتر، دلێرانه‌ به‌رامبه‌ر به‌ تیرۆرستان ڕاوه‌ستاون و له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى به‌رگرى له‌ كوردستان و مرۆڤایه‌تى و به‌ها مرۆییه‌كان ده‌كه‌ن.

ئه‌مڕۆ یه‌ك شه‌مه‌ 5/3/2017 حكومه‌تی هه‌رێم له‌یادی راپه‌ڕێنی خه‌ڵكی خه‌ڵكی كوردستان دژی رژێمی سه‌دام، راگه‌یانراوێكی بڵاوكردۆته‌وه‌ و تیایدا هاتووه‌، ئه‌م یاده‌ مه‌زنه‌ له‌ هه‌موو كوردستانییان پیرۆز بێت، هیوادارین یاده‌كانى داهاتوو له‌ سایه‌ى به‌دیهاتنى ته‌واوى ئامانجه‌ ڕه‌واكانى گه‌لى كوردستاندا بكه‌ینه‌وه‌. دڵنیاین سه‌ركه‌وتن بۆ گه‌لى كوردستانه‌ و ئاینده‌یه‌كى ڕووناك چاوه‌ڕێمان ده‌كات.

دەقی راگەیەنراوی حكومه‌تی هەرێمی کوردستان:

له‌ یادى ڕاپه‌ڕینى شكۆدارى ئادارى 1991ى گه‌لى كوردستاندا، سه‌رى ڕێز و نه‌وازش بۆ گیانى پاكى شه‌هیدانى ڕاپه‌ڕین و ته‌واوى شه‌هیدانى كوردستان داده‌نوێنین، به‌وپه‌ڕى ڕێز و حورمه‌ته‌وه‌ یادیان ده‌كه‌ینه‌وه‌. هه‌ر له‌م یاده‌دا پیرۆزباییه‌كى گه‌رم له‌ خانه‌واده‌ى سه‌ربه‌رزى شه‌هیدان و پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كان به‌تایبه‌تى و له‌ ‌گه‌لى كوردستان به‌گشتى ده‌كه‌ین.

ڕاپه‌ڕین كه‌ به‌ فیداكاریى پێشمه‌رگه‌ و خه‌ڵكى كوردستان ئه‌نجام درا، سه‌ركه‌وتنى ئیراده‌ى گه‌لى كوردستان بوو به‌سه‌ر داگیركارى و سته‌م و دكتاتۆریه‌تى ڕژێمى پێشووى عیراقدا، سه‌لمێنه‌رى ئه‌وه‌ش بوو كه‌ ئیراده‌ و گیانى شۆڕشگێڕانه‌ى گه‌لى كوردستان له‌ هه‌موو هێز و چه‌ك و سته‌مێك به‌هێزتره‌ و هیچ هێزێك ناتوانێت ئه‌و ئیراده‌یه‌ بشكێنێت.

ڕاپه‌ڕین به‌رهه‌م و به‌رده‌وامیى شۆڕش و ڕاپه‌ڕینه‌كانى پێشترى كوردستان بوو، گه‌لى كوردستان و دۆزى ڕه‌واى كوردستانى گواسته‌وه‌ قۆناغێكى دیكه‌ى مێژوویى كه‌ ده‌سكه‌وته‌كانى وه‌ك هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مان و دامه‌زراندنى حكوومه‌ت و بیناكردنى دامه‌زراوه‌كان و هه‌نگاونان بۆ ئابووریى سه‌ربه‌خۆى، به‌دواى خۆیدا هێنا.

ئه‌مڕۆش دواى 26 ساڵ له‌ ڕاپه‌ڕین، پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كان و گه‌لى كوردستان به‌گشتى بۆ پاراستنى ده‌سكه‌وته‌كانى ڕاپه‌ڕین و بنیاتنانى ئاینده‌یه‌كى باشتر، دلێرانه‌ به‌رامبه‌ر به‌ تیرۆرستان ڕاوه‌ستاون و له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى به‌رگرى له‌ كوردستان و مرۆڤایه‌تى و به‌ها مرۆییه‌كان ده‌كه‌ن.

ئه‌م یاده‌ به‌ ده‌رفه‌تێك ده‌زانین بۆ ئه‌وه‌ى دووباره‌ سوپاسى هه‌موو چین و توێژه‌كانى گه‌لى كوردستان بكه‌ین كه‌ هه‌ستیارى و سه‌ختیى دۆخى ئه‌مڕۆ و كێشه‌ و قه‌یرانه‌كان تێده‌گه‌ن و دڵسۆزانه‌ و به‌ گیانێكى به‌رزى نیشتمانپه‌روه‌رانه‌وه‌ به‌رگه‌یان گرتووه‌ و ده‌گرن. هیوادارین ئه‌م یاده‌ پڕ شكۆیه‌ ببێته‌ ده‌رفه‌ت و هانده‌رێك بۆ پێكه‌وه‌كاركردن و ته‌بایى له‌نێوان هه‌موو لایه‌نه‌كاندا تا پێكه‌وه‌ سه‌ركه‌وتووانه‌ ئه‌م قۆناغه‌ش تێپه‌ڕێنین و بگه‌ینه‌ كه‌نارى ئارامى و سه‌ركه‌وتن.

هه‌روه‌ها سوپاسى وڵاتانى هاوپه‌یمان و دۆستان له‌ جیهان ده‌كه‌ین كه‌ وه‌ك چۆن له‌ ڕاپه‌ڕینى ئادارى 1991دا گه‌لى كوردستانیان پاراست و هاوكارییان كرد، ئه‌مڕۆش له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌ قارمانه‌كان، له‌گه‌ڵ خه‌ڵكى كوردستان به‌رگرى له‌ كوردستان ده‌كه‌ن و تیرۆرستان تێكده‌شكێنن.

دووباره‌ ئه‌م یاده‌ مه‌زنه‌ له‌ هه‌موو كوردستانییان پیرۆز بێت، هیوادارین یاده‌كانى داهاتوو له‌ سایه‌ى به‌دیهاتنى ته‌واوى ئامانجه‌ ڕه‌واكانى گه‌لى كوردستاندا بكه‌ینه‌وه‌. دڵنیاین سه‌ركه‌وتن بۆ گه‌لى كوردستانه‌ و ئاینده‌یه‌كى ڕووناك چاوه‌ڕێمان ده‌كات.

به‌رز و شكۆدار بێت یادى شه‌هیدان، سه‌ركه‌وتنى یه‌كجارى بۆ گه‌لى كوردستان.

ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان
5/3/2017

Back to top button