د. خەتاب ئەحمەد: ڕێژه‌ی داشكاندنی خوێندنی ئێواران و پاڕالێڵ له‌ زانكۆ حكومییه‌كاندا ڕێژه‌ی %45 داده‌شكێنرێت

د. خەتاب ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتی خوێندن و پلاندانان و بەدواداچوون بەوەکالەت لە وەزارەتی خوێندنی باڵا، لە چاوپێکەوتنێكدا لەگەڵ فەرمانگەی میدیا و زانیاری، باسی وردەکاری پرۆسەی وەرگرتنی قوتابیان لە زانکۆ و پەیمانگاکان بۆ ساڵی خوێندنی 2021 – 2022 دەکات.

بەڕێوەبەری گشتیی خوێندن و پلاندانان و بەدواداچوون بەوەکالەت لە وەزارەتی خوێندنی باڵا، رایگەیاند، ئەمساڵ ژماره‌ی ئه‌و قوتابییانه‌ی له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌وه‌ نێردراوه،‌ به‌ هه‌ردوو لقی زانستی و وێژه‌یی بریتیی بووە له‌ 63324 ده‌رچوو،گووتیشی، پلانی زانكۆكان بۆ ئه‌مساڵ 45218 كورسی خوێندن بووە بۆ هه‌رسێ جۆری خوێندنی زانكۆلاین و پارالێڵ و خوێندنی ئێواران.

سەبارەت بە ڕێژه‌ی وه‌رگیران له سیسته‌مه‌ جیاوازه‌كان، ئاشکرایکرد: %62 له‌ خوێندنی زانكۆلاین واتا حكومی ، %21 له‌ خوێندنی پاڕالێل و %17 له‌ خوێندنی ئێواران وه‌رگیراون.

 

هەروەها راشیگەیاند: ڕێژه‌ی گشتیی وه‌رگیراوان %82 بوو و ڕێژه‌ی وه‌رنه‌گیراوانیش % 18 بوون، كه‌ ژماره‌كه‌یان ده‌كاته‌ 7943 ده‌رچوو، ئه‌و رێژەیەی وه‌ریشنه‌گیراون، سیسته‌مه‌كه‌ له‌به‌رده‌میاندا كراوه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی جارێكی دیكه‌ بچنه‌وه ناو سیسته‌مه‌كه‌ و به‌شێك بدۆزنه‌وه‌ كه‌ نمره‌كه‌یان تێیدا وه‌رگیرابێت.
بەڕێوەبەری گشتیی خوێندن و پلاندانان و بەدواداچوون بە وەکالەت لە وەزارەتی خوێندنی باڵا، لەبارەی پێوەری وەرگرتنی قوتابیان دەڵێ، “دوو پێوه‌ری سه‌ره‌كی بۆ وه‌رگرتن په‌یڕه‌و ده‌كه‌ین، یه‌كیان بریتییه‌ له‌ ژماره‌ی كورسییه‌كان واتا پلانی وه‌رگرتن، دووه‌میان بریتییه‌ له‌ ژماره‌ی قوتابییه‌كه”‌، پێوه‌ری دیكه‌ بریتییه‌ له‌و به‌شه‌ی قوتابییه‌كه‌ هه‌ڵیده‌بژێرێ بۆ ئه‌وه‌ی لێی وه‌ربگیرێت و بچێته‌ كێبڕكێوه‌، واتا هه‌موو قوتابییه‌ك له‌و به‌شه‌ ده‌چێته‌ كێبڕكێوه‌ كه‌ خۆی هه‌ڵیده‌بژێرێت و ناچێته‌ كێبڕكێیی به‌شێكی تر، بۆیه‌ زۆرجار ده‌بینین نمره‌ی قوتابییه‌كه‌ له‌ ئه‌نجامی كێبڕكێوه‌ له‌و به‌شانه‌ وه‌رناگیرێت كه‌ ئه‌و ده‌ستنیشانی كردووه‌ و له‌ هیچ شوێنێك ناوی ده‌رناچێت.

سەبارەت بە پلانی وەزارەتی خوێندنی باڵا، گوتی، ساڵانه‌ یه‌كه‌مجار پلانی حكومی ڕاده‌گه‌یه‌نین بۆ ئه‌وه‌ی قوتابییه‌كان بزانن له‌ حكومی له‌ چ شوێنێك وه‌رگیراون و ئه‌گه‌ر بیه‌وێت بچێته‌ خوێندنی تایبه‌ت ئه‌وه‌ بڕیاره‌كه‌ له‌ لایه‌ن خۆیه‌وه‌ بدرێت، “ئێمه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ین هیچ قوتابی و خوێندكارێك به‌ ناچاری نه‌ڕواتە خوێندنی تایبه‌ت، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌شه‌ پلانی وه‌زاره‌ت چه‌ند ساڵێكه‌ به‌شێوه‌یه‌ك داڕێژراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی زۆرترین ده‌رفه‌ت له‌ زانكۆ حكومییه‌كانمان بڕه‌خسێنین و هه‌ر قوتابییه‌كیش ویستی بچێته‌ خوێندنی تایبه‌ت به‌ ئاره‌زووی خۆی بچێت”. راشیگەیاند، ٪80ـی ئەو قوتابیانەی ناویان دەردەچێت بۆ زانکۆ و پەیمانگاکانی ناو شارەکانی خۆیان دەبێت و ٪20ـیش لە دەرەوەی شارەکان ناویان دەردەچێت.

سەبارەت بە کرێی خوێندنی پارالێڵ، د. خەتاب ئەحمەد ئاشکرای کرد، : ڕێژه‌ی داشكاندنی خوێندنی ئێواران و پاڕالێڵ له‌ زانكۆ حكومییه‌كاندا تائێستا وه‌كو خۆیه‌تی، ئه‌مه‌ بڕیارێكه‌ له‌ سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه‌ له‌ لایه‌ن وه‌زیر و ئه‌نجوومه‌نی وه‌زاره‌ته‌وه‌ درا، پاڵپشت به‌ به‌یاننامه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و بۆ ئه‌مساڵیش هه‌مان ڕێژه‌ی %45 داده‌شكێنرێت، لایه‌نی كه‌م ئه‌م بڕیاره‌ تا كۆتایی ئه‌م كابینه‌یه‌ به‌رده‌وام ئه‌بێت.

Back to top button