سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سه‌يد عه‌ممار ئه‌لحه‌كيم، دۆخى عيراق تاوتوێ ده‌كه‌ن

به‌يانيى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 2021/11/17 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ به‌ڕێز سه‌يد عه‌ممار ئه‌لحه‌كيم،سه‌رۆكى ڕه‌وتى حيكمه‌ كرد.

له‌ ديدارێكدا دۆخى عيراق به‌گشتى، ئه‌نجامه‌كانى هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عيراق، پێشبينييه‌كان بۆ داهاتووىپرۆسه‌ى سياسى، حكوومه‌تى داهاتووى فيدراڵى عيراق و ئه‌رك و ته‌حه‌دييه‌كانى به‌رده‌ميان، تاوتوێ كران.

هه‌ردوولا جه‌ختيان له‌ گرنگيى پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيريى سياسى له‌ وڵات و ده‌ستگرتن به‌ بژارده‌ى ديموكراسييه‌وه‌ و بره‌ودان به‌پرۆسه‌ى سياسى و گه‌يشتنى هێز و لايه‌نه عيراقييه‌كان به‌ لێكگه‌يشنێكى ڕه‌زامه‌ند بۆ هه‌مووان كرده‌وه‌ كه‌ خزمه‌ت به‌ ئێستا و داهاتووىعيراق و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى بكات.

له‌ ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى ديداره‌كه‌دا باس له‌ سه‌ر‌نج و تێبينييه‌كانى سه‌ر پرۆسه‌ى ده‌نگدان كرا و هه‌ردوولا هاوڕا بوون كه‌ هه‌ر ناڕه‌زايى وتێبينييه‌ك له‌سه‌ر ئه‌نجامه‌كانى هه‌ڵبژاردن هه‌بێت، به‌پێى ڕێكاره‌ ده‌ستوورى و ياسايييه‌كان چاره‌سه‌ر بكرێن و حكوومه‌تى داهاتووش بايه‌خ وگرنگى به‌ داواكارى و چاوه‌ڕوانييه‌كانى هاووڵاتيان بدات.

Back to top button