سعوودیە هاوخەمی خۆی بۆ ئاراستەی هەرێمی کوردستان دەکات

 

وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە و ڕابیتەی جیهانی ئیسلامی ئەو وڵاتە ، وێڕای دەربڕینی هاوخەمی و هاوسۆزی بۆ قوربانیانی لافاوەکەی هەفتەی ڕابردووی شاری هەولێر و دەوروبەری ئامادەیی خۆشیان نیشان داوە بۆ هەر چەشنە هاوکارییەکی مرۆیی زیابەرکەوتووانی لافاوەکە

 

له‌ به‌یاننامه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی سعوودیەدا هاتووه‌: “وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ هاوسۆزی شانشینی عه‌ره‌بی سعودییه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراق و هه‌رێمی كوردستان راده‌گه‌یه‌نێت، بۆ ئه‌و لافاوه‌ وێرانكاره‌ی هه‌رێمی كوردستانی گرته‌وه‌ و ژماره‌یه‌ك گیانله‌ده‌ستدان، بریندار و بێسه‌روشوێنی لێكه‌وته‌وه‌”.

هه‌روه‌ها دووپاتیكرده‌وه‌، “وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشی شانشینه‌كه‌ی ئاراسته‌ی حكومه‌تی عێراق و هه‌رێمی كوردستان و خانه‌واده‌ی ئه‌وانه‌ ده‌كات، كه‌ له‌و كاره‌ساته‌ ئازاربه‌خشه‌دا گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ و هیوای رزگاربوونی بێسه‌روشوێنه‌كان و چاكبوونه‌وه‌ی به‌په‌له‌ بۆ برینداران ده‌خوازێت”.

له‌ به‌یاننامه‌یه‌كی دیكه‌دا، رابیته‌ی جیهانی ئیسلامی له‌ سعوودیه‌ هاوخه‌می خۆی بۆ هه‌رێمی كوردستان و كه‌سوكاری قوربانیانی لافاوه‌كه‌ نیشاندا.

له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا جه‌خت كراوه‌ته‌وه‌، “رابیته‌ی جیهانی ئیسلامی به‌وپه‌ڕی ئازاره‌وه‌ ئاگاداری هه‌واڵی لافاوه‌ تونده‌كان بوو، كه‌ چه‌ند ویلایه‌تێكی شانشینی مالیزیای گرته‌وه‌ و هه‌روه‌ها ئه‌و لافاوه‌ وێڕانكارانه‌ی چه‌ند رۆژی رابردوو هه‌رێمی كوردستانی له‌ كۆماری عێراق گرته‌وه‌ و ئه‌و دوو كاره‌ساتانه‌ زیانی گیانی و ماڵییان به‌دواوه‌ بوو”.

 

هه‌روه‌ها هاتووه‌: “شێخ دكتۆر محه‌مه‌د بن عه‌بدولكه‌ریم ئه‌لعیسا، ئه‌مینداری گشتی رابیته‌ی ناوبراو و سه‌رۆكی ده‌سته‌ی زانایانی موسڵمان ئاماده‌یی ته‌واوی رابیته‌كه‌یان‌ بۆ هاوكاریكردنی حكومه‌ت و گه‌لی ئه‌و دوو وڵاته‌ خۆشه‌ویسته‌ له‌و دۆخه‌دا نیشاندا و جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی هه‌رچی له‌توانایاندا بێت له‌ رووی مرۆیی و ماددییه‌وه‌ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ له‌ڕێگه‌ی ده‌زگاكانی به‌هاناوه‌چوونی سه‌ر به‌ رابیته‌كه‌یانه‌وه‌ ئه‌نجامی بده‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن له‌ لێكه‌وته‌كانی ئه‌و كاره‌ساتانه‌ كه‌م بكه‌نه‌وه‌”.

 

ئاماژه‌ به‌وه‌ش دراوه‌، ” شێخ دكتۆر محه‌مه‌د بن عه‌بدولكه‌ریم ئه‌لعیسا به‌ناوی رابیته‌ی جیهانی ئیسلامی، كۆمه‌ڵه‌، ئه‌نجومه‌ن و ده‌سته‌ جیهانییه‌كانییه‌وه‌ پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشی خۆی ئاراسته‌ی حكومه‌ته‌كانی ئه‌و دوو وڵاته‌ و گه‌لانی خۆشه‌ویست و كه‌سوكاری قوربانیان ده‌كات و له‌ خودای گه‌وره‌ ده‌پاڕێته‌وه‌‌، گیانله‌ده‌ستداوان به‌ر ره‌حمه‌تی فراوانی خۆی بخات و شیفای به‌په‌له‌ بۆ برینداران بنێرێت و بێسه‌روشوێنبووانیش به‌ سه‌لامه‌تی بگه‌ڕێنێته‌وه‌ ناو خانه‌واده‌كانیان”.

Back to top button