قوباد تاڵەبانی: دەستمان بۆ مەلەفێك بردووە كەم كەس بڕوای دەكرد دەستی بۆ ببەین
خواكوڕك
دوای بەشداری كردنی لە پێنجەمین دیداری سلێمانی جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان دەڵێت: “بەدواداچوون بوو بۆ بندیوار دوو مووچەو مووچە نایاساییەكان و مووچەخۆرە وەهمییەكانمان، مەلەفێك بوو كە كەم كەس بڕوای دەكرد دەستی بۆ ببەین”. گوتیشی: “هەرێمی كوردستان كێشەی لە بەرهەمهێنانی كارەبا نییە، بەڵكو كێشەی لە گواستنەوە و دابەشكردن كارەبا هەیە”.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان لە دووەم رۆژی پێنجەمین دیداری سلێمانی لە زانكۆی ئەمریكی سلێمانی گوتارێكی پێشكەش كرد و گوتی: “ساڵی رابردوو روئیای حكومەتمان خستەڕوو بۆ چۆنیەتی رووبەڕووبوونەوەی قەیرانەكان و بەرەنگاربوونەوەی تەحەداكان و چۆنیەتی دەستپێكردن بە چاكسازیی ریشەیی و باشتر ئیدارەدانی داهاتەكانمان، چۆن بتوانین كوردستان بخەینەوە سەر رێچكەیەكی دروست”.
لە بەشێكی دیكەى گوتارەكەی لە دیداری سلێمانی قوباد تاڵەبانی گوتی: “هەندێك لەو چاكسازییانەی كە بەڵێنماندا ئەنجام دەدرێت، هەندێك لەو چاكسازیانەی خەڵك باوەڕیان نەبوو كە بتوانین دەستی بۆ ببەین، نەك هەر دەستمان بۆی بردووە، بەڵكو خەریكە بەرهەمیان دەبێت”.
جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان گوتی: “لە كۆتایی ساڵی 2014 كورتهێنانی بودجەی هەرێمی كوردستان نزیكبوو لە 7 ملیار دۆلار، لە كۆتایی 2016 ئەو 7 ملیار دۆلارەمان هێناوەتە سەر یەك ملیار دۆلار، ئەمە ئاسان نەبوو، بەڵكو قورس بوو، ئەمەش بە یەكلا نەكرا، حكومەت بە پشتیوانی خەڵكەكەی، بە بڕیاردان و بوێری توانیومانە كورتهێنان ساڵ لەدوای ساڵ كەمبكەینەوە، ئامانجیشمان ئەوەیە ئەمساڵ، ئەگەر بۆمان نەكرا ئەوە بەدڵنیاییەوە بۆ ساڵی داهاتوو كورتهێنانمان نەمێنێت، بەڵكو زیادەمان هەبێت، بۆ ئەوەی بتوانین ئەو زیادەیە باشتر بەكاربهێنین بۆ پەرەپێدانی ئابووری هەرێمی كوردستان”.