بەهمەن عەبدوڵا بۆ عەباس فەتاح: ئێوە هێشتا رووتان ماوە باسی ئازادی قسەکردن بکەن

په‌رله‌مانتارێكى فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان وەڵامی عه‌باس قه‌تاحى، پەرلەمانتاری یەکێتی ده‌داته‌وه‌ و رايده‌گه‌ينێت: “ئێوە هێشتا رووتان ماوە باسی ئازادی قسەکردن بکەن، ئەو بەمەعەسکەر کردنەی سلێمانی نابینیت دوو وشەی لەسەر بنووسیت و باسی ئازادی و دیموکراسی و مافی خەڵک بکەیت”. ده‌شلێت:خۆ بچوککردنەوە ئەوەیە تەسلیم کردنەوە و بە لە سێدارەدانی مستەفا سەلیمی ببینیت و هیچ نەڵێیت، بەڵام ئەندامێکی راسپیردراوت بگیرێت پەلاماری سەرۆکی حکوومەت بدەیت

بەهمەن کاک عەبدوڵا، لە په‌ڕه‌ى تايبه‌تى خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) وەڵامی عەباس فەتاحى پەرلەمانتاری یەکێتی ده‌داته‌وه‌ و  رای گەیاندووە: “ئەری ئێوە ئەو هەموو سوکایەتییە گەورە گەورانەی حزبەکەتان بەخەڵکی و ئەندامانی حزبەکەتان لەسلێمانی نابینن، بۆ کاروانی عەلی شامار جنێوی بەکی دابوو؟ بۆ باوکی ئەو قوتابییە سوکایەتی بەکی کردبوو لەناو قوتابخانە، ئیوە نەک گرتن بەشەق و قۆناغە تفەنگ لە پێش چاوی خەڵک حەسیر مەیدانتان کردن، جەنابی پەرلەمانتاری یاساناس نەتبینی دوو دێڕی لەسەر بنووسیت، ئەری ئەو بە مەعەسکەر کردنەی سلێمانی نابینیت دوو وشەی لەسەر بنووسیت و باسی ئازادی و دیموکراسی و مافی خەڵک بکەیت”.

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ى فراكسيۆنى پارتى ده‌شنووسێت: “یان بەس ئەوە دەبینیت حزبەکەت چەکدارێکی مەڵبەندەکەی لەگەڵ پەیجێکی خۆتان بنێرێتە شوێنێکی گشتی و بەناوی هاووڵاتییەوە سوکایەتی و بوختان بە سەرۆکی حکوومەت بکات و دواتریش کە دەستگیرکرا تۆی پەرلەمانتاری یاساناس و ماف خواز بێیت و بڵێیت سەرۆکی حکوومەت ئەو هاووڵاتییە بەهۆی زۆری (باج و رسومات) و قورسی گوزەران قسەی کردووە، چونکە ئێوە ژیانی خەڵکتان روتاندووەتەوە! .

به‌همه‌ن كاك عه‌بدوڵا له‌ وه‌ڵامه‌كه‌ى بۆ ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ى يه‌كێتى ده‌شلێ: “ئەرێ بەجدی دوای دوو خول پەرلەمانتاری و جێگری سەرۆکی لیژنەی یاسایی نازانیت یان دەتەویت خۆت بەنەزان پیشان بدەیت و خەڵک چەواشە بکەیت، تۆ و حزبەکەت و هەموو خەڵکی هۆشیاری ئەم وڵاتە دەزانن بڕیاری حکوومەت هی حکوومەتە نەک تاکە شەخس یان سەرۆکی حکوومەت جا ئیتر رسومات بیت یان باج و پارەی ئاو و کارەبا، بەس مادام تۆ خۆت وادەرخستوە کەنازانیت با من راستییەکە بەتەحەداوە بەتۆ و ئەوانەشی باوەریان پیتە بڵێم، بەرپرسی راستەوخۆی مەلەفی (رسومات و باج و زیادکردنی) لە ئەنجوومەنی وەزیران جێگری سەرۆکی حکوومەتە کە لەحزبەکەی جەنابتە، گەر پێت وایە وەرگرتنی باج و رسومات لە خەڵک زوڵمە و ژیانی خەڵکی فەقیری تێکداوە فەرموو پێی بڵێ ئەو زوڵمە رابگریت و بەو هاووڵاتییە راسپیردراوەی خۆشتان بڵێ ئەوجارە گەر باسی زوڵمی باج و رسوماتی کرد با رووی قسەی لە قوباد تاڵەبانی بێت ئەو کات من و تۆ دەبینین کاك عەباس دەیگرن یان لە پێش چاوی کەسوکار و خەڵکی شار تۆپ تۆپێنی پی دەکەن.”

ده‌شلێت: “ئەری بەراست بیرم هاتەوە خۆ تا ئێستاشی لەگەڵ بێت بەشێکی زۆری گۆڕانخوازەکان کە بەهۆی بیروڕای جیاواز لە پایتەختی ئازادیی و دیموکراسیدا بەرشەق دران و نان بڕاو کران قەرەبوو نەکراونەتەوە و تۆزێک تۆ زیاتر باوەڕت بەدیموکراسیی و رای ئازاد و مافی هاووڵاتی هەیە مشورێکیان لێ بخۆ  “.

لە كۆتایی نووسينه‌كه‌شى ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ى پارتى نووسیویەتی: “خۆ بچوککردنەوە ئەوەیە تەسلیم کردنەوە و بە لە سێدارەدانی مستەفا سەلیمی ببینیت و هیچ نەڵێیت، بەڵام ئەندامێکی راسپیردراوت بگیرێت پەلاماری سەرۆکی حکوومەت بدەیت “.

Back to top button