جۆرج بۆش پشتگیریی دەوڵەتی كوردستان دەكات
خواكوڕك
لەدیدارێكی دا لەگەڵ كچە كوردێك سەرۆكی پێشووتری ئەمریكا پشتگیریی خۆی بۆ گەلی كوردستان و دەوڵەتی كوردستان راگەیاندووە:” هەموو هەوڵێك دەدەم بۆ یارمەتیدانی كوردستان و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان”
رۆژین نزار عەزیز زێباری، كە خاوەنی بڕوانامەی ماستەرە و دانیشتووی شاری دالاسە لە ویلایەتی تێكساسی ئەمریكا، بۆ جاری سێیەم لەگەڵ جۆرج دەبلیو بۆشی سەرۆكی پێشووتری ئەمریكا كۆ بووەتەوە لەمبارەیەوە باوكی رۆژین گوتوویەتی، لە دیدارەكەی كچەكەیدا، سەرۆكی پێشووتری ئەمریكا رایگەیاندووە، ”هەموو هەوڵێك دەدەم بۆ یارمەتیدانی كوردستان و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان“.
لە سەردەمی سەرۆكایەتیی جۆرج بۆش، كە ماوەی هەشت ساڵ (2001- 2009) سەرۆكی ژمارە 43ـی ئەمریكا بوو، ئیدارەی ئەمریكا بڕیاری رووخاندنی رژێمی بەعسی عێراقی دا و لە ساڵی 2003 رژێمەكە رووخێندرا, رووخاندنی رژێمی بەعس بە تەواوی لە بەرژەوەندیی گەلی كوردستان بوو، چونكە مەترسیی رژێمی عێراق لەسەر باشووری كوردستانی نەما.
شایەنی گوتنە رژێمە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق، كە سەرقافلەیان لە خراپەكارییدا رژێمی بەعس و سەدام حوسێنی سەرۆكی رژێمەكە بوو، بەردەوام بە ئاگر و ئاسن شەڕی گەلی كوردستانیان دەكرد و لە چەندین پرۆسەی ئەنفال و كیمیابارانكردندا، هەوڵی جینۆسایدكردنی گەلی باشووری كوردستانیان دا.