یەکەم هەنگاوی هێڵی ئاسنین لە هه‌رێمى کوردستان جێبەجێ کرا

بە مەبەستی دەستکردن بەجێبەجێکردنی پڕۆژەی هێڵی ئاسنین لە هه‌رێمى کوردستان، یاداشتی لێکتێگەیشتن لەنێوان وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیای (دۆیجەبان)ی ئەڵمانی واژۆ کرا.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌، دانا عەبدولكەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشته‌جێكردن له‌ پرێس كۆنفرانسێكدا گوتى: “لە ساڵی 2012وە ماستەرپلانی پڕۆژەی هێڵی ئاسنینی هەرێمی کوردستان دانراوە، بەڵام تا کابینەی نۆیەم دۆسیەکەی هەڵنەدراوەتەوە، ئێستا کابینەی نۆیەم دەیەوێ کاری تێدا بکات و کۆمپانیای دۆیجەبان هێنراوە، بۆ ئەوەی تا لێکتێگەیشتنی لەگەڵ واژۆ بکەین، پێمان بڵێ پڕۆژەکە ماوە و تێچووی چەندە”.

ئه‌وه‌شى خسته‌ ڕوو، پڕۆژەکە کات و تێچووی زۆرە و ئێمەش دەمانەوێت بە بەرزترین کوالێتی دروستی بکەین.

لاى خۆیەوە نوێنەرى کۆمپانیاى (deutsche bahn )ی ئەڵمانی گوتى، ئەمڕۆ توانیمان پەیوەندییەکى گەورە بنیادبنێین، دامەزراندنى هێڵى ئاسنى پڕۆژەیەکى گرنگە و پێویستى بەماوەیەک هەیە بۆ جێبەجێکردنى و هیوادارم بتوانین پشتیوانی ئەو ناوچە جوانە بکەین و واژۆکردنى گرێبەستەکەى نێوانیشمان بناغەیەکى باشە بۆ پەیوەندییەکانمان.

Back to top button