سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ باڵيۆزى ئه‌مه‌ريكا، دۆخى عێراق تاوتوێ دەکات

 

نيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 2022/2/16  نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى ‏كوردستان، پێشوازى له‌ ماتيوو توله‌ر باڵيۆزى ئه‌مه‌ريكا و شاندێكى ياوه‌رى كرد.‏

 

له‌ كۆبوونه‌وه‌کەدا دوايين په‌ره‌سه‌ندنه‌كانى دۆخى سياسيى عێراق، به‌تايبه‌تيش دواى بڕيارى ‏دادگاى باڵاى فيدراڵى ده‌رباره‌ى كه‌رتى نه‌وت و گاز له‌ هه‌رێمى كوردستان تاوتوێ كرا. ‏

 

له‌مباره‌يه‌وه‌ نێچيرڤان بارزانى سەرۆکی هەرێمی کوردستان خوێندنه‌وه‌ى خۆى بۆ چۆنيه‌تيى ده‌رچوونى بڕياره‌كه‌ و ‏هه‌نگاونان بۆ چاره‌سه‌رى خسته‌ ڕوو، دووپاتيشى كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌م قۆناغه‌ى عێراقى پێدا ‏ده‌گوزه‌رێت، وا ده‌خوازێت دادگاى فيدراڵى و هه‌موو لايه‌نه‌ عيراقييه‌كانيش به‌ دواى ‏چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كاندا بگه‌ڕێن. ‏

 

نێچیرڤان بارزانی روونيكرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان هه‌ميشه‌ پابه‌نديى خۆى بۆ ‏چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى فيدراڵى عێراق له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور نيشان ‏داوه‌ و دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌م جۆره‌ هه‌نگاوانه‌ خزمه‌تى سه‌قامگيرى له‌ وڵات ناكه‌ن، بۆيه‌ ‏هه‌موومان ده‌بێت بۆ چاره‌سه‌ر و پاراستنى سه‌قامگيرى كار بكه‌ين.‏

 

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هه‌ردوولا هاوڕا بوون كه‌ دواى هه‌ڵبژاردنه‌كانى ئۆكتۆبه‌رى رابردووى ‏ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران، دۆستانى عێراق چاوه‌ڕوانيى پێكهێنانى حكوومه‌ت و سه‌قامگيرى و ‏به‌ره‌وپێشچوونى پرۆسه‌ى ديموكراسين له‌ عێراق، هه‌روه‌ها جه‌ختيان له‌ گرنگيى هاريكارى و ‏هه‌ماهه‌نگيى نێوان هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى فيدراڵى عێراق كرده‌وه‌ به‌تايبه‌تى بۆ ‏به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تيرۆر كه‌ هێشتا له‌ عێراق و سوورياش مه‌ترسييه‌كى راسته‌قينه‌يه‌. ‏

 

هه‌ڵبژاردنه‌كانى هه‌رێمى كوردستان، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو، تيايدا سه‌رۆك ‏نێچيرڤان بارزانى جه‌ختى له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ سه‌رۆكايه‌تی هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ لايه‌نه‌ ‏په‌يوه‌نداره‌كان كار ده‌كات و له‌گه‌ڵ لايه‌نه‌ سياسييه‌كان له‌ په‌يوه‌نديدايه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ‏هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ كاتى خۆيدا ئه‌نجام بدرێن. ‏

 

هه‌ردوولا دۆخى پێشمه‌رگه‌ و هه‌نگاوه‌كانى چاكسازى و پرۆسه‌ى يه‌كخستنه‌وه‌يان و پشتگيريى ‏ئه‌مه‌ريكا و وڵاتانى ديكه‌ى دۆستيان خسته‌ به‌ر باس و هاوڕا بوون كه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌نگاوه‌ ‏باشانه‌ى له‌مباره‌يه‌وه‌ نراون، پرۆسه‌كه‌ هێشتا كارى زياترى ده‌وێت و له‌مباره‌يه‌وه‌ به‌رده‌واميى ‏ئه‌مه‌ريكا و دۆستانى هه‌رێمى كوردستان پێويسته‌.‏

 

كه‌رتى ئابوورى و گرنگيى ئارامى و سه‌قامگيرى بۆ هاندانى سه‌رمايه‌گوزارى و وه‌به‌رهێنانى ‏بيانى له‌ هه‌رێمى كوردستان و عێراق، گرنگی سه‌ربه‌خۆييى دادگاكان له‌ عێراق و هه‌رێمى ‏كوردستان و به‌رده‌واميى هاريكاريى هاوبه‌شى عێراق و كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى، چه‌ند ته‌وه‌رێكى ‏ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوون.‏

Back to top button