مەسرور بارزانی بۆ ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی قوتابیان و یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاو کردەوە

مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ یادی 69 ساڵه‌ی دامه‌زراندنی رێكخراوه‌كانی یه‌كێتی قوتابیان و یه‌كێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە و لە بەشێکی هاتووە: هەردوو ڕێکخراو، لە درێژایی تەمەنی پڕ سەروەرییان، ڕۆڵێکی گرنگ و مێژووییان هەبووە و بوونەتە قوتابخانەی پێگەیاندنی چەندین سەرکردە و کادری هۆشیار، چ لە قۆناغی خەباتی شاخ  و ئاوارەیی و چ لە سەردەمی ئازادی و حوکمڕانی خۆییدا.

ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی مەسرور بارزانی:-

لە یادی شه‌ست و نۆیەمین ساڵەی دامەزراندنی هەردوو ڕێکخراوی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان و یەکێتی لاوانی دیموکراتی کوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی لە ئەندامانی هەردوو رێکخراو و قوتابیان و لاوانی کوردستان دەکەم، کە هەمیشە پێشەنگ بوونە لە خەباتی رێکخراوەیی و ڕۆڵێکی دیاریان لە قۆناغە جیاوازەکانی بزوتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان و تێکۆشان لە پێناو گەیشتن بە مافە ڕەواکانی گەلەکەمان بینیووە.

هەردوو ڕێکخراو، لە درێژایی تەمەنی پڕ سەروەرییان، ڕۆڵێکی گرنگ و مێژووییان هەبووە و بوونەتە قوتابخانەی پێگەیاندنی چەندین سەرکردە و کادری هۆشیار، چ لە قۆناغی خەباتی شاخ  و ئاوارەیی و چ لە سەردەمی ئازادی و حوکمڕانی خۆییدا.

هیواخوازین ئەندامانی هەردوو رێکخراوەکە، بەو پەڕی گوڕوتینەوە لە درێژەدان بە خزمەتکردنی توێژەکانیان و خەباتی مەدەنیانە بۆ داهاتوویەکی باشتر بۆ قوتابیان و لاوان بەردەوام بن.

هیوای سەرکەوتن و پێشکەوتنی زیاتر بۆ هەردوو رێکخراوەکە دەخوازم و خوازیارم هەمیشە بە پێشەنگی بمێننەوە.

مەسرور بارزانی

18ی شوباتی 2022

Back to top button