د. شاخەوان عەبدوڵڵا : لێکۆلینەوە دەست پێدەکەین لەهیچ کەس قبوڵ ناکرێت دەستدێژی بکاتە سەر هاوڵاتیان

شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رای دەگەیەنێت کە سەبارەت بە کەیسی ئەو پێشمەرگە کاکەییەی کە لەلایەن حەشدی شەعبییەوە سووکایەتی پێکرا قسەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە.

جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند: لێکۆڵینەوە دەست پێدەکەین و لەگەل سەرۆکوەزیران و سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری قسەمان کردووە.

شاخەوان عەبدوڵڵا لە لاپەڕەی خۆی لە فەیسبووک نووسیویەتی، دوای ئەوەی لەلایەن کەسوکارییەوە هەواڵی ئەوەمان پێگەیشت لەلایەن چەند چەکداریک کە خۆیان بە حەشدی شەعبی ناساندووە سووکایەتی بە ئەیمەن عابدین دەکرێت لە خزمانی کاکەیی و لە هەمانکاتدا پێشمەرگەی لیوای ٩یە دەست بەجێ رووداوەکەم گەیاندە مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق.

ئاماژەی بە ئەوەش داوە، هەروەها لەگەڵ سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری قسەم کرد و سبەی لێکۆڵینەوە لەو رووداوە دەکرێت و لە هیچ کەس و لایەنیک قبوڵ ناکرێت دەستدرێژی بکرێتە سەر هاووڵاتیان جا لە خزمانی کاکەیی بێت یان هەر تیرە و ئایینزایەک بێت.

Back to top button