یەكێتی پرۆژەی هەشت خاڵیەكەی بڵاو كردەوە
خواكوڕك
یەكێتی نیشتمانی كوردستان پرۆژەی هەشت خاڵیەكەی باش زنجیرەیەكی زۆری كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی پەسەند كردوو، ئەمرۆش یەكێتی پرۆژە هەشت خاڵیەكەی بڵاو كردەوە، كە لە پرۆژەكەدا كێشەكانی ئابووری و مووچە و پرسی سەربەخۆی و چارەسەری سیاسی تێدا خراوەتە روو”.
تەواوی دەقی پرۆژە هەشت خاڵیەكەی یەكێتی
بە لەبەرچاوگرتنی هەستیاری قۆناغی ئەمڕۆی كوردستانو پێویستی گەیشتن بە چارەسەر بۆ كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان لایەنە سیاسییەكانو بۆ هەنگاونان بەرەو كاراكردنەوەی پرۆسەی سیاسیو دەزگا شەرعییەكانو دەستەبەركردنی یەكڕیزیی نیشتمانیو كاری هەمەلایەنە بۆ چارەسەركرنی قەیرانی داراییو یەكخستنی وزەو توانای هەموو لایەنەكان بۆ بەددی هێنانی ئامانجە نەتەوەییەكان، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئەم نەخشە رێگایەی داناوە:
یەكەم: پەیوەندیی نێوان لایەنە سیاسییەكان
1- پەیوەندیی یەكێتی- پارتی، بەپێی ئەركەكانی قۆناخەكە و لەسەر بنەمای هاوسەنگی و شەراكەتی راستەقینە و سازانی سیاسی، سەراپا پێداچوونەوەی پێویستە، بەمەبەستی چارەسەركردنی كۆی كێشەكان و پتەوكردنی پەیوەندییەكە.
2- یەكێتی پابەندبونی خۆی بە رێككەوتنەكەی 17-5-2016، لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان دوپات دەكاتەوە.
3- یەكێتی پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی لەگەڵ لایەنەكانی تری كوردستان بە گرنگو پێویست دەزانێ.
4- قۆناخەكە پێویستی بە رۆڵێكی كاراتری یەكێتییە لەسەر ئاستی عیراق و هەرێم بۆ چارەسەركردنی كۆی كێشەكانی ناو پرۆسەی سیاسی هەرێمی كوردستان و كێشەكانی نێوان هەرێمو بەغدا. چارەسەركردنی ئەو كێشانە، یارمەتیدەرە بۆ پتەوكردنی پەیوەندیی نێوان لایەنە سیاسییە سەرەكییەكانی پرۆسەی سیاسیی كوردستان و یەكخستنی ریزەكانیان.
5- یەكێتی پشتگیریی چارەسەری ئاشتییانەو دیموكراتییانەی مەسەلەی كورد دەكا لە هەموو پارچەكانی كوردستان و ئەوە لەبەرچاو دەگرێت كە هەلومەرجی هەر پارچەیەك تایبەتمەندیی خۆی هەیە.
6- رێكخستنی پەیوەندییەكانی دەرەوەی لایەنە سیاسییەكانی هەرێم لەسەر بنەمای بەرژەوەندی باڵای نەتەوەیی و بەنیشتمانیكردنی پەیوەندییەكان بە جۆرێك كە لەخزمەتی ئاشتەوایی نێوان لایەنەكاندا بێ.
دووەم: دۆخی كوردستانو ناوچەكەو جیهان
بارودۆخی پاش تێكشكاندنی داعش و هەوڵی دەوڵەتانی ناوچەكە بۆ گەیشتن بە سازان لەگەڵ یەكتریداو پەرەسەندنی رۆڵی هێزە گەورەكان لە ناوچەكەدا، كاریگەریی هەمەلایەنەی لەسەر رەوشی كورد دەبێ.
ئەمە پێویست بەوە دەكات ئامادەكاری بۆ هەموو ئەگەرەكان بكرێت. لە دۆخێكی وادا چارەسەركردنی كێشە ناوخۆییەكان مەسەلەیەكی چارەنوسسازە، راگرتنی هاوسەنگیش لە پەیوەندییە ئیقلیمییەكاندا زۆر گرنگە، هەروەك پتەوكردنی پەیوەندییەكانمان لەگەڵ هێزە جیهانییە گەورەكان بایەخێكی زۆری هەیە.
سێیەم: كێشەی سێ سەرۆكایەتییەكە
چارەسەركردنی كێشەی سێ سەرۆكایەتییەكە گرێ كوێرەی كێشەكان دەكاتەوە. یەكێتی دابەشكردنی سێ سەرۆكایەتییەكە بەسەر سێ لایەنە سەرەكییەكەدا بەپێی پێگەو قورسایی سیاسی، بە چارەسەرێكی گونجاو دەزانێ، بەڕەچاوكردنی رۆڵ و پێگەی لایەنە سیاسییەكانی تر. قۆناخەكە تا هەڵبژاردنی داهاتوو بە قۆناخی گواستنەوە دەژمێردرێ و تێیدا پێویستە لایەنەكان لەسەر كێشە هەڵپەسێردراوەكان رێكبكەون.
چوارەم: كێشەی ئابووری
كێشەی ئابوری لە هەرێم تەنها گرێدراوی كێشەی نەوت و گاز نییە، بەڵكو كێشەی سیستەمی دواكەوتووی حوكمڕانییەو خۆی لە نەبونی پلانی ئابووری و سیستەمی بانكیی پێشكەوتوودا دەبینێتەوە.
دابینكردنی ژێرخانێكی ئابوریی تۆكمە بۆ كوردستان و فرەكردنی سەرچاوەكانی داهات، تاقە دەستەبەری دوورمەودایە، نەك تەنها پشتبەستن بە بودجەی حكومەتی ناوەندو داهاتی هەناردەكانی نەوت و گاز. بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشەیە، ئەم هەنگاوانە پێویستن:
1- دانانی پلانێكی ستراتیجی بۆ ئابوریی هەرێم لەسەر ئاستی كورت مەوداو مامناوەندو مەودا درێژ بە پشتبەستن بە ئامار و زانیاریی بۆ پەیكەربەندكردنەوەی حكومەت و دامەزراوەكانی بەپێی ئەو ئامانجانەی كە قۆناخەكە دەیانخوازێت.
2- دەركردنی یاسای كێبڕكێ و نەهێشتنی قۆرخكاری.
3- گرنگیدان بە كەرتەكانی پیشەسازی و كشتوكاڵ و گەشتیاری لە رێی هاندانی كەرتی تایبەت و دابینكردنی ئاسانكارییەكی ئیداری و دارایی زۆرتر بۆی.
پێنجەم: مەسەلەی نەوت و گاز و بە شەفافكردنی
بۆ دەستەبەركردنی شەفافیەت لە بواری نەوت و گازدا، ئەم هانگاوانە پێویستن:
1- پێكهێنانی لیژنەیەك لە پەرلەمانی كوردستان دوای كاراكردنەوەی، بۆ وردبینی لە داهاتی نەوتو گاز و پێداچوونەوەی گرێبەستەكان و راگەیاندنی ئەنجامی وردبینییەكە بەشێوەیەكی شەفاف.
2- جێبەجێكردنی هەموو ماددە و بڕگەكانی یاسای ژمارە 22 ی ساڵی 2007 ی نەوتو گاز و یاسای ژمارە 2 ی ساڵی 2015 ی سندووقی داهاتەكانی نەوت و گاز.
3- رێككەوتن لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ لەسەر یاسای نەوت و گاز كە تێیدا بەرژەوەندییە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان و پارێزگا نەوت بەرهەمهێنەرەكانی عیراق دەستەبەر بكرێن.
4- زیادكردنی دەروازەكانی هەناردەكردنی نەوت و گازی هەرێمی كوردستان.
5- ئەنجامدانی گرێبەستەكانی نەوت و گاز بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەكان بۆ ئەوەی رێ لەو كێشە یاساییانە بگیرێ كە دەشێ زیانی دارایی گەورە لە هەرێم بدەن.
6- وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان تەنها ئەركی سەرپەرشتی كردن و ئاڕاستەكردنی كۆمپانیا گشتییەكانی نەوت و گازی لەسەر شان بێ، ئەركی بەرهەمهێنانو پاڵاوتن و فرۆشتن بەو كۆمپانیا گشتییانە بسپێردرێ.
7- هاوكاریكردنی رێكخراوی دەستپێشخەریی شەفافیەتی پیشەسازییە دەرهێنراوەكان بۆ شەفافكردنی پرۆسەی فرۆشتنی نەوتو گازی هەرێم و كاراكردن بۆ بوونی هەرێم بە ئەندام لەو رێكخراوە.
شەشەم: كێشەی مووچەو گوزەرانی خەڵك
قەیرانی دارایی كاریگەریی زۆری لەسەر مووچەخۆران داناوەو ژیانی شێواندون. بۆیە هەتا قەیرانی داراییو نرخی نەوت ئاسایی دەبێتەوە، ئەم هەنگاوانەی خوارەوە پێویستن:
1- كردنەوەی حیسابی بانكی بۆ فەرمانبەرانی هەرێم بۆ ئەوەی هەموو فەرمانبەرێك بزانێ چەندی بۆ پاشەكەوت كراوەو تاكو لەوەش دڵنیا بێ كە هیچی لێ نافەوتێ.
2- پێداچوونەوەی سیستەمی پاشەكەوتی مووچە بەجۆرێك كە هەنگاو بەهەنگاو پاشەكەوتی موچە هەڵبگیرێ.
3- هەمواركردنەوەی یاسای خانەنشینی بەمەبەستی دەستەبەركردنی دادپەروەری لەنێوان خانەنشیناندا.
4- كاراكردنەوەی دەستەی چاودێریی دارایی بۆ ئەوەی باشتر بتوانێ ئەركەكانی خۆی جێبەجێ بكات.
حەوتەم: ئەنجامدانی چاكسازی
پرۆسەی چاكسازی پێویستی بەم هەنگاوانەیە:
1- ئامادەكردنی پرۆژەیەكی گشتگیری پاككردنەوەی دام و دەزگاكانی حكومەت لە گەندەڵی، مشەخۆری، بیروكراسی و هەنگاونان بەرەو پشتبەستن بە تەکنەلۆژیای نوێ، بەپێی یاسا.
2- دورخستنەوەی هەژمونی حیزبو كاربەدەستانی حكومەتو حیزبەكان لەسەر بازاڕ و كارئاسانیی زۆرتر بۆ سەرمایەی بێگانەو سەرمایەگوزاری. هەروا پاراستنی مافی بەكارهێن و بەرهەمهێن.
3- كاراكردنی دەسەڵاتی دادوەریو دوورخستنەوەی لە دەستێوەردانی حیزبی و دەستەبەركردنی پێداویستییەكانی كاركردنی وەك دەسەڵاتێكی سەربەخۆ بۆ ئەوەی بتوانێ ئەركەكانی خۆی جێبەجێ بكات.
4- پەیكەری وەزارەتی داد و ئەنجوومەنی شورای هەرێم، داڕێژرێتەوەو تەواوی جومگەكانیان وردتر ساغركرێنەوەو سەربەخۆیی تەواوی دامەزراوەكانی دادگا بچەسپێنرێ.
5- هەمواركردنەوەی یاسای داواكاری گشتی، بەجۆرێك كە ببێتە هۆی بەرجەستەكردنی سەربەخۆیی دامەزراوەی داواكاری گشتی و جیاكردنەوەی لە وەزارەتی داد.
6- پێداچوونەوەی یاسای ئەنجوومەنی پارێزگاكانو زیادكردنی دەسەڵاتەكانیان بۆ باشتر راییكردنی كاروباریان.
7- دانانی بەرنامەیەك بۆ كاراكردنی كەرتی تایبەت بەمەبەستی چارەسەركردنی هەندێك لە كێشەكانی بازاڕ و داهات و مووچە.
8- هێزی پێشمەرگەی كوردستان و هێزەكانی ئاسایش و پۆلیس، پۆشتەتر بكرێن و پێداچوونەوە بە موووچەكانیاندا بكرێت بەمەبەستی چاككردنی گوزەرانیان و دەستەبەركردنی ژیانی كەسوكاری شەهیدانو چارەسەركردنی برینداران.
9- هاندانی دەزگا بەرپرسەكان بۆ زیاتر بایەخدان بە ژینگەو رێكخستنی كاروباری ژینگە پارێزی بەپێی یاسا.
10- رێكخستنی پەیوەندیی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان لەگەڵ وەزارەتی داراییو كارەبا بەجۆرێك كە ئەم دوو وەزارەتە بتوانن ئەركەكانی خۆیان بەشێوەیەكی ئەكتیڤتر جێبەجێ بكەن.
11- ئەنجامدانی هەڵبژاردنە گشتییەكان لە وادە دیاریكراوەكانی خۆیانداو هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن.
12- پێكهێنانی حكومەتە خۆجێییەكان بەپێی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن.
13- مامەڵەكردن لەگەڵ میدیاكان وەك دەسەڵاتی چوارەم بەپێی گیانی سەردەمو لە چوارچێوەی ئیتیكو یاسا پەیڕەوكراوەكانداو رێگرتن لە پێشێلكردنی ئازادییەكانو كاركردن، بۆ راستككردنەوەی دیاردە نەشیاوەكانی شێوەی كاركردنی میدیاكان.
هەشتەم: ناوچە دابڕێنراوەكانو پرسی سەربەخۆیی
1- كاركردن بۆ گەڕاندنەوەی ناوچە دابڕێنراوەكان بۆ سەر هەرێمی كوردستان ئەركێكی نیشتمانییە. حكومەتی فیدرال كەمتەرخەمیی لە جێبەجێكردنی ماددەی 140 دا كردووە، بەمەش دەستووری پێشێلكردووە. بۆ یەكلاكردنەوەی ئەم مەسەلەیەو كۆتاییهێنان بەم پێشێلكردنەی دەستوور، یەكێتی كاراكردنەوەی ماددەی 140 بەپێویست دەزانێ.
2- سەربەخۆیی مافێكی دیموكراتییانەو رەوای گەلی كوردستانە. یەكێتی پشتگیریی ئەنجامدانی راپرسی لەسەر سەربەخۆیی دەكات و جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە دەبێ راپرسییەكە ناوچە دابڕێنراوەكانیش بگرێتەوه.