هۆشیار زێباری پشتگیری له‌ گوتاره‌كه‌ی موقته‌دا سه‌در ده‌كات

هۆشیار زێباری پشتگیری له‌ گوتاره‌كه‌ی موقته‌دا سه‌در كرد و رایگه‌یاند، چاره‌سه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ دادپه‌روه‌ری، یاسا و بۆچوونی گه‌ل.

له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی و وەزیری پێشووی دارایی عێراق، نووسیوویه‌تی: “سكاڵا بێ بنه‌ماكان، كه‌ بۆ راگرتنی پڕۆژه‌ی حكومه‌تی زۆرینه‌ی نیشتمانی له‌ ئۆكتۆبه‌ری 2021 له‌ دادگا تۆماركرا، هۆكاری دروستبوونی قه‌یرانی سیاسی، ئه‌منی و كۆمه‌ڵایه‌تین له‌ عێراق”.

زێباری پێی وایه‌، موقته‌دا سه‌در راست ده‌كات، چاره‌سه‌ری ئه‌م دۆخه‌ گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ بنه‌ماكانی دادپه‌روه‌ری، یاسا و بۆچوونی گه‌ل.

موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در، ئه‌مشه‌و په‌یامێكی ئاراسته‌ی مانگرتووانی ره‌وته‌كه‌ی و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی عێراق كرد، تێیدا رایگه‌یاند، ئه‌مه‌ی ئێستا رووده‌دات، ململانێیه‌ له‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵات و تا ئێستا بڕیارم نه‌داوه‌ به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتوو بكه‌ین.

Back to top button