په‌رله‌مانتارێكی كورد:ئه‌وانه‌ی پێشنیاری بڕینی بودجه‌ و موچه‌یان كرد هه‌ر ئه‌وانه‌ن پێشنیاری به‌شه‌ ده‌رمانی هه‌رێمیان كردوه‌.

خواكوڕك

پەرلەمانتارێکی کورد باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ وەزیری تەندروستیی عێراق پێی ڕاگەیاندون” دەستێک پێشنیاری بڕینی بەشەدەرمانی ھەرێمی کوردستانی کردووە و دەڵێت”لەبەرامبەر ئەو پیلانەدا بێدەنگ نابن و لە دادگا سکاڵا تۆمار دەکەن.

(د. ئەشواق جاف) پەرلەمانتاری پارتی  لە پەرلەمانی عێراق بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕاگه‌یاندوه‌”له‌سه‌ر بڕینی بەشە دەرمانی ھەرێم پرسیارمان لە وەزیری تەندروستیی عێراق کرد بۆ براوه‌ و  ھۆکارەکەی چییە.؟ وه‌زیر لە وەڵامدا پێی ڕاگەیاندین” دەستێک پێشنیاری کردووە، بەشە دەرمانی ھەرێمی کوردستان لەسەر بوودجەی حاکیمەوە بگوازرێتەوە سەر بوودجەی گشتی و لەبەر ئەوە بۆ ساڵی ٢٠١٧ بەشە دەرمانی ھەرێمی کوردستان لەسەر بوودجەی گشتی دەبێت، ئەمە لەکاتێکدایە، ئەگەر بخرێتە سەر بوودجەی گشتی، دەرمان نایەت بۆ ھەرێمی کوردستان و ستەمێکە لە خەڵکی ھەرێمی کوردستان دەکرێت، دوو ملیۆن ئاوارەی عێراقیش لەسەر دەرمانەکانی خەڵکی ھەرێمی کوردستان چارە دەکرێن، کەچی بەغدا ئەوەشمان پێ ڕەوا نابینێت و دەیبڕێت.”

جاف زیاتر گوتی” ئێمە دوو خاڵی سەرەکیمان لەپێشە.

یەکەم/دەچینە دادگای ئیتیحادی، بۆ ئەوەی سکاڵا لەسەر حکوومەتی عێراق تۆمار بکەین.

دووەم/لێکۆڵینەوە دەکەین، بۆ ئەوەی بزانین ئەو دەستە کێیە پێشنیاری کردووە بەشەدەرمانی ھەرێمی کوردستان بخرێتە سەر بوودجەی گشتی.

ناوبراو ئه‌وه‌شی ڕاگه‌یاندوه‌” بە بۆچوونی تایبەتیی خۆم، ئەو دەستەی پێشنیاری بڕینی دەرمانی ھەرێمی کوردستانی کردووە، ھەر ئەو دەستەیە کە بوودجە و مووچەی ھەرێمی کوردستانی بڕی، لەبەر ئەوە نابێت ئێمە لەبەرامبەر ئەو پیلانەدا کە لەدژی خەڵکی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا ھەیە، بێدەنگ بین و ھەموو ھەوڵێک دەدەین بۆ گەڕانەوەی بەشەدەرمانی ھەرێمی کوردستان.”

Back to top button