پەرلەمانتارێكی پارتی: لەبارەی رێکەوتنی کاندیدێکی هاوبەش زانیاری نوێ ئاشکرا دەکات
تەنگژەی سیاسی لە عێراق چاوەڕوانی چارەسەری دەكات، بەتایبەتی لەناو ماڵی شیعە كە ناكۆكییەكان ئەوەندە قووڵن پێ ناچێت بەو زووانە حكوومەتی نوێی عێراق پێك بێت.
شەریف سلێمان، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، نیازێك هەیە بۆ كۆتاهێنان بە ناكۆكییەكانی رووبەڕووی پرۆسەی سیاسی لە عێراق دەبنەوە، سەبارەت بە گفتوگۆی پارتی و یەكێتیش، چاوەڕوانی ئەنجامی باش دەكرێت.
ئاشكرای كرد، گفتوگۆكانی نێوان هەردوو حزب چەند بابەتێكی گرنگی گرتووەتەوە، لەوانە كەركووك و پێشمەرگە و كاندیدی سەركۆمار و هیتریش، دووپاتی كردەوە كە سازكردنی هەر دانیشتنێكی پەرلەمانی عێراق پێویستی بە رێككەوتنێكی سیاسی هەیە، بۆ ئەوەی دیدێك بۆ داهاتوو و دەستپێكردنەوەی دانیشتنەكانی پەرلەمان هەبێت.
سلێمان ئاماژەی كرد، هیوادارین لایەنە سیاسییەكان سەبارەت بە كاندیدی سەرۆك كۆمار لە یەكەم دانیشتنی پەرلەمان بگەن بە رێككەوتن، ئاشكرای كرد كە زۆر بابەت هەن جیاوازیمان لەگەڵ یەكێتی هەیە، نەك تەنیا لەبارەی كاندیدی سەرۆك کۆمارەوە، تا ئێستا ئەو دوو حزبە سەبارەت بە كاندیدی سەرۆك كۆمار بە رێككەوتن نەگەیشتوون، بەڵام كەشوهەواكە هاندەرە بۆ گەیشتن بە رێككەوتن لەسەر یەك كاندید بۆ پۆستەكە.