هەشت ساڵ بەسەر رەوانەکردنی پێشمەرگە بۆ کۆبانێ تێدەپەڕێت

ئەمڕۆ هەشت ساڵ بەسەر ئەوە تێپەڕ دەبێت كە كورد پێشمەرگەی نارد بۆ كۆبانێ‌ لە ڕۆژئاوای كوردستان، ئەوەش لەسەر داوای سەرۆك بارزانی بوو.

دوای 134 رۆژ لە رووبەڕووبوونەوە و بەرخۆدانی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لەگەڵ رێکخراوی داعش، رووبەری نزیکەی 80%ی شاری کۆبانێ کەوتبووە دەستی ئەو رێکخراوە و بە هەزاران کەسیش لە ئەنجامی ئەو هێرشەی داعش ئاوارەببوون، ئەو کات لەسەر داوای سەرۆک بارزانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان رەوانەی ئەو شارە کراو تواندرا بە هاوکاری هاوپەیمانان شەڕەکە لە بەرژەوەندی کوردانی رۆژئاوا یەکلایی بکرێتەوە و تەواوی شاری کۆبانێش رزگار بکرێت.

رۆژی 22ی تشرینی یەكەمی 2014 پەرلەمانی کوردستان لەسەر داوای سەرۆک بارزانی، بۆ تاوتوێیکردنی رەوشی کۆبانێ کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکەدا بە کۆی دەنگ پەرلەمانی کوردستان داواکاری سەرۆک بارزانی بۆ رەوانەکردنی هێزی پێشمەرگە بەشێوەیەکی فەرمی بۆ هاوکاریکردنی کوردانی رۆژئاوا پەسندکرد.

رۆژی 28ی تشرینی یەكەمی 2014 یەکەم کاروانی ھێزی پێشمەرگە، کە ژمارەیان 150 پێشمەرگە بوو، بە چەکی سووک و قورس بەرە و کۆبانێ بەڕێکەوتن و بە درێژایی رێگا لە باشوور، باکوور و تاگەیشتە رۆژئاوای کوردستان ھاووڵاتیانی کورد بە سروودی نیشتمانی و بە چەپڵەلێدانەوە پێشوازییان لە ھێزی پێشمەرگە کرد، چونکە بەلای کوردانی هەرچوار پارچەی کوردستان رووداوی رەوانەکردنی هێزی پێشمەرگە بۆ کۆبانێ رووداوێکی مێژوویی و دەگمەن بووە بە درێژایی خەبات و قوربانیدانی کورد بۆ رزگاری نیشتمانی.

لەگەڵ گەیشتنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان باڵانسی شەڕەكە گۆڕانی بەسەردا هاتوو، شەڕڤان و پێشمەرگە شانبەشانی یەكدی رووبەڕووی داعش بوونەوە، توانیان گردی كانی كوردان و گەڕەكی مەشتەل، كە دوا خاڵی رۆژهەڵاتی شارەكە بوون بەدەست چەكدارانی داعشەوە رزگار بكەنەوە و تەواوی ناوەندی شارەكە ئازاد بكەن.

 

Back to top button