ساڵی داهاتوو بە ئۆنلاین ناو بۆ پێشکەشکردنی فەریزەی حەج تۆمار دەکرێت

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی حه‌ج و عومره‌ی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، ئەمساڵ ناونووسین بۆ فەریزەی حەج تۆمار ناكرێت و ساڵی داهاتووش بە ئۆنلاین ده‌بێت.

 

شێخ نیاز راغیب، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی حه‌ج و عومره‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا ئەمڕۆ چوارشەممە رایگه‌یاند، پار ساڵ دوو هه‌زار و 112 حاجی لە هەرێمی کوردستان فەریزەی حەجیان بەجێگەیاندووە و هه‌ر حاجییه‌ك چوار هه‌زار و 700 دۆلاری لێ وه‌رگیراوه‌.

 

شیخ نیاز راغیب گوتیشی، بۆ ئەمساڵ بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج ناونووسین تۆمار ناكرێت، به‌هۆی ئه‌وه‌ی، ئه‌و رێژه‌یه‌ی له‌به‌رده‌ستیاندا ماوه‌، ته‌نها به‌شی ئه‌و حاجییانه‌ ده‌كات كه‌ ناویان له‌ تیروپشكه‌كه‌دا ده‌رچووبوو. ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، “بۆ ساڵی داهاتوو بە سیستەمی ئۆنلاین ناو بۆ پێشکەشکردنی فەریزەی حەج تۆمار دەکرێت”.

 

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی حه‌ج و عومره‌ی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، ساڵانه‌ دوو ملیۆن كه‌س فه‌ریزه‌ی حه‌ج ئه‌نجامده‌ده‌ن، له‌و دوو ملیۆن كه‌سه‌، پشكی عێراق “33 هه‌زار و 690 كه‌س” و پشكی هه‌رێمی كوردستانیش “چوار هه‌زار و 685 كه‌سه‌”.

 

شێخ نیاز، باسی لە ره‌خساندنی كورسی بۆ كه‌سوكاری شه‌هیدان له‌ هه‌رێمی كوردستانیش بۆ فەریزەی حەج کرد و گوتی، “100 كورسی بۆ كه‌سوكاری شه‌هیدان له‌ هه‌رێمی كوردستان ته‌رخانكراون”. روونیشیكرده‌وه‌، 100 كۆمپانیا به‌شداری له گواستنه‌وه‌ی هاووڵاتییانی هه‌رێمی كوردستان بۆ حه‌ج ده‌كه‌ن.

Back to top button