ئهنجوومهنی وهزیران شاندی دانوستانكاری راسپارد بۆ سهردانی بهغدا و دهستپێكردنهوهی كۆبوونهوهكان
ئەمڕۆ چوارشەممە 1ی فێبریوەری(شوبات) 2023، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا و بە بۆنەی ساڵیادی شەهیدانی یەکی شوبات، سەرۆک وەزیران، بەڕێز و پێزانینەوە، یادی شەهیدانی کارەساتی یەکی شوباتی کردەوە و گوتی : لە یادی شەهیدانی یەکی شوباتدا، بە ناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدە نەمرەکانمان دادەنوێنین. هەروەها پابەندبوونی خۆمان بە بەردەوامبوون لە سەر ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و تیرۆریستان و هزری توندڕۆیی دووپات دەکەینەوە.
لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، بەرنامەی دانوستانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ، لەلایەن سەرۆک و ئەندامانی شاندەکە خرایەڕوو، بە مەبەستی پەسەندکردنی لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە ، هەروەها ڕاسپاردنی شاندی دانوستانکار بۆ سەردانی بەغدا و دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوەکان لە بەر ڕۆشنایی ئەم بەرنامە پەسەندکراوەدا.
سەرۆک وەزیران، وێڕای دووپاتکردنەوەی خواستی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بە شێوەیەکی بنەڕەتی و لە سەر بنەمای دەستوور و ڕێککەوتنی لایەنەکانی پێکهێنەری حکومەت و کارنامەی وەزاری کابینەی نوێی حکومەتی عێراق، ئاماژەی بەوە دا کە ئەوەی لە سەر هەرێمی کوردستان و شاندی هەرێم بووە ئەنجامی داوە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن، بۆیە چاوەڕێی حکومەتی فیدراڵین پابەند بێت بە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکان. گوتیشی بە داخەوە، دادگای باڵای ئیتیحادی بەکاردەهێنرێت بۆ تێکدانی هەر ڕێککەوتنێک لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان. سەرۆک وەزیران، هیوای خواست پڕۆژە یاسای بودجەی 2023 بە زووترین کات پەسەند بکرێت و ماف و شایستە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستانیش دابین بکرێت.
بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکە، بریتی بوو لە گفتوگۆکردن دەربارەی بابەتی کاخەزە داراییەکان لە هەرێمی کوردستان .
ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتەکانی دارایی و ئابووری، بازرگانی و پیشەسازی، شەهیدان و کاروباری ئەنفالکراوان و فەرمانگەی هەماهەنگیی و بەدواداچوونی ڕاسپارد،کە لە ماوەیەکی نزیکدا، سەرنج و تێبینی و ڕاسپاردەکانیان سەبارەت بەم بابەتە لە چوارچێوەی ڕاپۆرتێکدا ئامادە بکەن، بۆ ئەوەی لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری پێویستی لەبارەوە بدرێت.
لە بڕگەی سێیەمدا، چارەسەرکردنی کێشەی دەستەبەری بانکی ( خطاب ضمان) ی پڕۆژە وەستاوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان تاوتوێ کرا و گفتوگۆی پێویستی لە بارەوە کراو لەم ڕووەوە، چەندین پێشنیاز و ڕاسپاردە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە خرانەڕوو و پەسەند کران.