پەرلەمانتارێک : لە هەڵبژاردنی ئەمجارەدا یەکێتی 6 کورسی ناهێنێت بۆیە کۆسپ دەخاتە بەردەم هەڵبژاردن

 

تا دێت هۆکارەکانی دوا کەوتنی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان زیاتر ئاشکرا دەبێت و روون بۆتەوە ، هۆکارەکە یەکێتییە .

 

یەکێتی بەردەوامە لە پاساو هێناوە بۆ دوا خستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان چونکە دەزانێت 5 تا 6 کورسی زیاتر ناهێنێت .

 

لەمبارەیەوە شوان کەریم، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراكسیۆنی پارتیلە لێدوانێکدا بۆ ڕاگەیاندنەکان گوتی : ”پارتی لەسەر ئاستی مەکتەبی سیاسی سەردانی یەکێتیی کرد، هەرچەندە ئێمە پێمان راگەیاندن کە ئامادەی هەموو گفتوگۆیەکین بە ئاراستەی کاراکردنەوەی كۆمسیۆن، ئەگەر پێیان وایە کە دەبێت یاسای هەڵبژاردن هەموار بکرێتەوە لاریمان نییە، لە لایەکی دیکەوە، بانگەشەی ئەوەیان دەکرد، کە دەبێ تۆماری دەنگدەرانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق ببێتە بنەمای دەنگدان، بۆ ئەوەش گوتمان لاریمان نییە، بیانووی دیکەیان هەڵبژاردن لەسەر شێوازی فرەبازنەیی بوو، پێمان راگەیاندن لەوەشدا لاریمان نییە، كەچی ئەوان لە پاساوهێنانەوە بەردەوامن.“

 

هەروەها ئەوەشی ئاشكرا كرد: ”بەپێی ئەو راپرسییانەی لەبەر دەستی یەکێتیدایە و ئۆرگانەكانی خۆیان كردوویانە، لەنێو خۆیان و لەسەر ئاستی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، ئەوان ئاستی خۆیان لە هەڵبژاردن لێ دیارە، ئەو رێکخراوەی سەرپەرشتیی راپرسییەكانی هەڵبژاردنەکانیان بۆ دەکات، زۆر بەئاشکرا پێی گوتوون، لە باشترین حاڵەتدا ئەگەر بەشداریی هەڵبژاردن بکەن، ئەوا یەکێتی دەتوانێت تەنیا پێنج تا شەش کورسی بەدەست بهێنێت بەدڵنیاییەوە دۆخی شڵۆق و پڕناكۆكیی ناوخۆی یەكێتییش هەموان دەیزانن، ئەم دوو هۆکارە وا دەکەن کە یەكیتی نەیەوێ بێتە ژێر باری هەڵبژاردن، بەڵام هەوڵیش دەدات دەستی چەوری بە ئێمە بسڕێت.“

 

لە بەشیکیت لە لێدوانەکەیدا شوان کەریم جەختی كردەوە: ”ئەگەر حزبە کوردستانییەکان پێکەوە بن و ئامادەی هەڵبژاردن بن و یەکێتی بەتەنیا نەیەوێ هەڵبژاردن بکرێت، ئەوا با نەیکات و کێشەمان نییە، بەڵام هیوادارم لایەنە سیاسییەکانی دیکە، کە پێگەیان لەنێو پەرلەمان و جەماوەری کوردستاندا هەیە، لەو واقیعە تێبگەن، کە یەکێتی هۆکاری نەکردنی هەڵبژاردنە.“

 

لە کۆتاییشدا ئەوەشی خستە روو، کە پارتی نیازپاکیی خۆی بۆ هەڵبژاردن راگەیاندووە، هەم بە نوێنەری یونامی، هەم بە دۆستەکانمان لە ناوخۆ و دەرەوەمان گوتووە کە ئامادەی هەڵبژاردنین و سوورین لەسەر ئەوەی خەڵکی کوردستان مافی خۆیانە دەنگ بدەن و نابێ ئەوەیان لێ وەربگیرێتەوە.

Back to top button