شوان داودی: ئێستا هیچ تێکۆشەرێک و هیچ بازرگانێک لە ماڵی خوێدا پارێزراو نییە

شوان داودی، پەرلەمانتاری پێشوو و كادیری یەكێتی، لە ئەكاونتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسووك)، لە نوویسنێكیدا بە ناوی (ئیتر دەنووسم، کۆنگرەی پێنج …. کۆتایی قۆناغێک و دەستپێکی قۆناغێکی نوێ)، باسی لە مێژووی یەكێتی و كۆنگرەكانی رابردووی حزبەكەیان كردووە و هاتووەتە سەر كۆنگرەی پێنجی یەكێتی و ئەو قۆناغەی ئێستا یەكێتیی تیادایە، نووسیویەتی: بۆ ماوەی دوو ساڵە کوڕانی مام جەلال، لە رێی رێکاری ناحیزبی و بە زەبری هێز دەستیان بەسەر یەكێتیدا گرتووە و لە حیزبێکی مەدەنیی سۆسیال دیموکراتەوە کردوویانە بە سەربازگە، جگە لە ئاڕاستەی خۆیان، هیچ مینبەرێکیان نەهێشتووەتەوە و لەسەر لایک و کۆمێنت لێپرسینەوە لەگەڵ کادراندا دەکەن، هەزاران تێکۆشەری ئەو مێژووە دێرینەی یەکێتییان لە سەرکردە و فەرماندە و پێشمەرگە و ڕاگەیاندكار و کادر و رێکخستن و کەسایەتی و پیاوماقووڵیان پەراوێز خستووە و ناردوونیانەتەوە ماڵەوە.

دەشڵێ: ئەوەی رەخنەی لێیان هەبوویێت، هێڵێکی راست و چەپیان بەسەردا هێناوە، سەرباری هەموو ئەمانە، یەکێتی لە هێزێکی هاوسەنگی ناوچەکە، کە ژیرانە دەیتوانی هاوکێشەکان بخوێنێتەوە و تێیدا هاوسەنگیی خۆی رابگرێت و زۆنەکەی لە مەترسی بپارێزێت، ئێستا هیچ تێکۆشەرێک و هیچ بازرگانێک و هیچ کەسێک لە ماڵی خوێدا پارێزراو نییە.

شوان داوی دەشنووسێ: لە کاتێکدا لە چەند مانگی ئایندەدا لەبەردەم دوو پرۆسەی هەڵبژاردنداین، لەپڕێکدا بافڵ تاڵەبانی، بێ ئامادەکاریی پێشوەختە، لە 27ی ئاب لە کۆبوونەوەیەکی مەکتەب سیاسییەکەی لە کەرکووکەوە، کاتی کۆنگرەی پێنجی حیزبەکەی راگەیاند، کە ماوەی مانگێکی بۆ دانابوو و بڕیار وایە سبەی 27ی ئەیلوول ئەو کۆنگرە لەناکاوە لە سلێمانی گرێ بدرێت.

ئاماژەی بەوەش داوە، یەکێتی پێشتر بەرگەی هەموو گورز و جیابوونەوەکانی دەگرت، چونکە لەدەرەوەی ماڵی مام جەلال ئاڕاستەی دەکرا، ئەمجارەیان ترسناکە، چونکە ئەو پرنسیپ و پێگە پتەوانەی جەلالیزم لەناو خودی ماڵەکەی خۆی هەڵتەکێنراوە و سڕاوەتەوە.

Back to top button