. ناسیح غه‌فوور: مانگی ئۆكتۆبەرە و یەكێتی حەزی خیانەت و تەسلیمكردنەوەی بۆ گەڕاوەتەوە

د. ناسیح غه‌فوور، سیاسەتمەدار و ئەندامی پێشووتری پەرلەمانی كوردستان، رایگەیاند: ”ئێستا مانگی ئۆكتۆبەرە، لەو مانگەدا یەكێتی حەزی زۆری لە رادەستكردنەوەی كوردستانە، وەك چۆن لە 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017دا نیوەی خاكی هەرێمی كوردستانی رادەست كرد، ئەم جارە دەیەوێ بە ناوی وەرگرتنی مووچە، هەموو مووچەخۆرانی كوردستان رادەست به‌و عێراقه‌ بكات كه‌ ئه‌وان شانازی پێوه‌ ده‌كه‌ن و وەك وڵاتێكی زۆر دیموكرات و پێشكەوتوو دەیناسێنن.”

روونیشی كردەوە: ”زۆر سه‌یره‌، تا توانییان كه‌مپینیان كرد به‌وه‌ی ئه‌گه‌ر نه‌وت راده‌ست بكرێت دۆخی كوردستان باش ده‌بێت. فه‌رموو نه‌وت راده‌ست كرا، كه‌چی نه‌ك له‌ به‌غداوه‌ پاره‌ نایه‌ت، بگره‌ له‌دژی ئه‌و قه‌رزه‌شن کە دراوه‌ به‌ كوردستان! بۆیه‌ هێشتا باوه‌ڕیان نایه‌ت و ده‌یانه‌وێت فه‌رمانبه‌رانی كوردستانیش راده‌ستی به‌غدا بكه‌ن، بێگومان دوای ئه‌وه‌ ئاواتی دیكه‌یشیان هه‌یه‌ و ده‌ڵێن نه‌وەڵا با كوردستانیش راده‌ست بكه‌ین و پۆستاڵی میلیشیای داگیركەر بێته‌ خاكی كوردستان، ئینجا مووچه‌ دێت. زۆر سه‌یره‌، سنووری ده‌سه‌ڵاتی یه‌كێتی وایان له‌ خه‌ڵك گه‌یاندووه‌، به‌ قۆناغ هه‌رچیت هه‌یه‌ ئەبێ بۆ مووچه‌ راده‌ستی به‌غدای بكه‌یت.”

ئەو سیاسەتمەدارە جەختی كردەوە: ”خۆشباوه‌ڕی یه‌كێتی له‌وه‌دا بوو كه‌ له‌ به‌غداوه ‌پێیان گوترابوو كه‌ركووكمان راده‌ست بكه‌ن، ئێمه‌ش مووچه‌ی سلێمانی ده‌ده‌ین، کەچی کە كه‌ركووكیان راده‌ست كرد، نه‌ك مووچه‌، پارێزگاری شاره‌كه‌شیان لێ وه‌رگرتنه‌وه‌ و ناتوانن ئاڵای حیزبه‌كه‌شیان له‌سه‌ر بارەگاكەیان لە كەركووك دابنێن. کەواتە ئه‌مانه‌ فێری خۆڕاده‌ستكردن بوون، دواجار هه‌رچیەکیان هه‌یه‌ هه‌رزانفرۆشی ده‌كه‌ن و ئەگەر له‌ده‌ستیان بێت خیانەتێكی هاوشێوەی 16ی ئۆكتۆبەر دەكەن.”

Back to top button