لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکەی سۆران پێکهێندرا

ئەمشەو لەسەر فەرمانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی ناوخۆ لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی لە رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە باڵەخانەیەکی سۆران پێک هێنا.

وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە نووسراوی (35026) لەسەر فەرمانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، لیژنەیەکی پێک هێنا بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکاری رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە باڵەخانەیەک لە سەنتەری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران.

بەگوێرەی فەرمانەکە، لیژنەکە راسپێردران بە زووترین کات دەستبەکار بن و لێکۆڵینەوە بکەن لە هۆکارەکانی رووداوەکە و مەرجەکانی سەلامەتی لە باڵەخانەکە و لایەنی کەمتەرخەم دەست نیشان بکەن.

لیژنەکە بە سەرۆکایەتی عەمیدی مافپەروەر تەحسین ئاکرەیی سەرۆکی پەیمانگەی بەرگریی شارستانی بە وەکالەت و ئەندامیەتی عەقید یونس قادر رەسول بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانی سۆران و عەقیدی مافپەروەر کۆچەر عەبدوڵڵا قادر نوێنەری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرگریی شارستانی و دڵشاد مرادخان سەلیم ئەندازیاری کارەبا و نوێنەری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران پێک هێندراوە.

Back to top button